لە کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس ناوى هەرێمى کوردستان بە باکوورى عێراق هاتووە

پووختەى بەدواداچوون

  • لە کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس زۆرینەى تاوانەکانى دژ بەگەلى کورد فەرامۆشکراون.

  • بەشێکى کەمى کتێبەکە باس لە تاوانەکانى دژ بە گەلى کورد دەکات.

  • زۆرینەى کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ تاوانەکانى دژ بە پێکهاتەى شیعە.

  • لە کتێبەکەدا یەکجار ناوى کوردستان هاتووە و باسى جینۆسایدى ئەنفال نەکراوە.


بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی پرۆگرامەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى فیدراڵ، کتێبێکى بەناوى کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس بۆ قۆناغى چوارەمى ئامادەیی چاپکردووە، کتێبەکە لە سێ بەش و 15 بەند پێکدێت لە یەک بەندى کتێبەکە باسى تاوانەکانى دژ بە گەلى کورد کراوە و ئەویش بەشێوەیەکى سەرپێیی و سادە تەنیا باس لە ڕووداوەکان کراوە.


کتێبى تاوانەکانى حیزبى بەعس:

  • لە 95 لاپەڕە پێکهاتووە کە زۆرینەى کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ تاوانەکانى دژ بەپێکهاتەى شیعە.

  • پاشان پێکهاتەى تورکمان و دواى ئەوانیش کورد و پاشان عەرەبى سوننە.

  • لە کتێبەکەدا تەنیا سێ لاپەڕە باسى کورد کراوە.

  • ئەویش بەجۆرێکى زۆر سادە باسى ئەو تاوانانە کراوە کە ئەنجامدراون.

  • کاتێک هاتووەتە سەر باسى هەرێمى کوردستان باسى لە ڕاپەڕینى گەلى کورد کردووە و ناوى هەرێمى کوردستان بە باکوورى عێراق دەهێنێت.

  • لە کتێبەکەدا باسى هەوڵى تیرۆرکردنى مەلامستەفا، بۆردوومانى زانکۆى سلێمانى و هەوڵى ڕاگواستن و سەرکوتکردنى شۆڕشى کورد و ڕێککەوتننامەى 11ـى ئازار و ڕێککەوتنى جەزائیر بۆ سەرکوتکردنى شۆڕشى کورد کراوە.

  • لە هیچ کام لە ڕووداوەکان هەڵوەستە لەسەر ئەوە نەکراوە تاوانەکان چۆن کراون، زیانەکان و لێکەوتەکانى چى بوون.

ئەنفال و کیمیاباران لە کتێبەکەدا نین

گەورەترین دوو تاوان کە دژ بە گەلى کورد ئەنجامدراوە، شەهیدکردنى پێنج هەزار هاونیشتمانى لە کیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفالکردنى 182هەزارى دیکەیە، باس لە هیچیان نەکراوە و هەر کام لە نووسەرانى کتێبەکە ئەگەر گەڕانێکى سادەیان بەشێوەیەکى زانستى بکردایە، بە ئەندازەى شەش کتێبى لەو شێوەیە زانیارییان سەبارەت بەتاوانەکانى حیزبى بەعس دژ بە گەلى کورد دەستدەکەوت.

پەرلەمانتارانى کورد ناڕازین

براکۆ شێرکۆ، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران، لەبارەى کتێبەکەوە هەڵمەتێکى بۆ کۆکردنەوەى واژۆى پەرلەمانتاران دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا واژۆى 67 پەرلەمانتارى کۆکردووەتەوە.

براکۆ شێرکۆ بۆ کەناڵ8:

  • واژۆکان بە یاداشتێک ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەین.

  • داوا دەکەین پێداچوونەوە بە کتێبەکەدا بکرێت.

  • تاوانەکانى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە و تاوانەکانى دیکەى بەعس دژ بە گەلى کورد لە کتێبەکەدا باس بکرێن.

  • کتێبەکە دوو ساڵە دەرکراوە و باس نەکردنى ئەو تاوانانەى دژ بە گەلى کورد کراون، سیاسییە نەک لەبیرچوون و هەڵەى تەکنیکى.

چیمەن حسێن، ئەندامى لیژنەى پەروەردە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ کەناڵ8:

  • لە کتێبەکەدا باس لە تاوانەکانى بەعس دژ بە گەلى کورد کراوە، بەڵام ناڕوونن و وردەکاریی تێدا نییە.

  • هەروەها چەندین تاوانى دیکە کە دژ بە گەلى کورد کراون لە کتێبەکەدا نین.

  • هەموو ئەندامانى لیژنەکەمان لەگەڵ ئەوەدان پێویستە ستەمدیدەیی گەلى کورد لە کتێبەکەدا باس بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ هەرێمى کوردستانیش هەماهەنگییان کردووە و داوایانکردووە بابەتى تاوانەکانى بەعس دژ بە گەلى کوردستان بەشێوەیەکى مێژوویی باش بنووسرێتەوە، تاوەکو بدرێتە وەزارەتى پەروەردەى عێراق و لە کتێبەکەدا جێگەى بکرێتەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

براکۆ شێرکۆ: پەروەردەى عێراق تاوانەکانى بەعسى بەرامبەر بە کورد پشتگوێخستووە

Loading related news...