مۆرینیۆ: رێگە نادەم پیشەییبوون و کەرامەتم بخرێتە ژێر پرسیارەوە

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما. فۆتۆ: AP
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما. فۆتۆ: AP

مۆرینیۆ تەرکیزی رۆژامەنووسانی بۆ ئەزموونی راهێنەری و وەرگرتنی پشووکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تەرخان کرد. جۆزێ لە سەروبەندی یاریی یانەکەی بەرامبەر ئەیسی میلان، باسی لە گەورەیی یارییەکە کرد، هەروەها روونیکردەوە پاولۆ دیبالا کە بەهەموو ئەگەرێک بەرامبەر میلان بەشداری ناکات.

لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی تاتبەت بە رووبەڕووبوونەوەی رۆما و ئەیسی میلان، مۆرینیۆ باسی ئامادەنەبوونی خۆی کرد لە راهێنانەکانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کە داوای وەرگرتنی پشووی لە ئیدارەی یانەکە کردبوو، دەربارەی ئامادەنەبوونی لە راهێنانەکان جۆزێ گوتی: "بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەم، کە پیشەییبوون و کەرامەتم بخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر نموونەیەکی باڵا لە راهێنەری پیشەگەر، بوونی هەبێت، ئەو کەسە منم".

جۆزێ مۆرینیۆ، باسی لەوە شکرد قسەی زۆر دەکرێت دەربارەی ئەنجامنەدانی مەشقی تیپەکەمان لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا، کە پشووم بە یاریزانەکانمدا، دەمەوێت ئەوەتان پێبڵێم، لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ژیانی راهێنەرایەتیمدا، هەرگیز بەهۆی هیچ نەخۆشییەک یان مەزاجی خراپەوە، راهێنانەکانم رانەگرتووە و دانەبڕاوم.

پاشان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پشووی رۆژی پێنجشەممەمان بەهەر هۆکارێک بووبێت، ناچار نیم لێرەدا بۆ ئێوەی روونبکەمەوە، بە پینتۆی بەڕێوەبەری هونەری و خاوەنی یانەکەم گوت پێویستیم بە رۆژێک پشوو دەبێت و دەمەوێت 15 کاتژمێرێک لە دەرەوەی رۆما بم. دەشزانم دیاریکردنی ژمارەی کاتژمێرەکان کەمێک گاڵتەجاڕانەیە".

هەروەها راهێنەرە پۆرتوگالییەکە گوتیشی: " کەسانێک هەن لە روانگەی تاکەکەسییەوە، دەبێت زیاتر ببەخشن، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک کەسی جددین و ماندوو دەبین، راهێنانەکانی دوێنێ لەگەڵ یاریزانەکان ماندووکەربوون، بەتایبەت بۆ هەندێک لە یاریزانەکان، چونکە تیپەکە بەرامبەر لازیۆ ماندوو بوون.  هەر لەبەر ئەمەشە بۆ یارییەکەمان لە بەرامبەر میلان، پشوو بە هەندێ لە یاریزانەکان دەدەم".

مۆرینیۆ بەشێکی وەڵامی پرسیارەکانی بۆ قسەکردن لەسەر ئامادەیی تیپەکەی کرد: "دوای دێربی بەناچاری هەندێک گۆڕانکاریی لە پێکهاتەکەدا روودەدات، گۆڕانکارییەکان لە پاولۆ دیبالاوە دەستپێدەکات، پاولۆ یاریی ناکات، هەست بە ئازار دەکات، بەڵام هیچ مەبەستم سزادان نییە، بەڵکو لە روانگەیەکی تەکتیکی و دەروونییەوە ئەو بڕیارە دەدەم".

ئەنجامەکانی رۆما لەم وەرزە مۆرینیۆی توڕە کردووە، لە سەرەتای 2023 تاوەکو ئێستا چوار جار کارتی سووری ئاراستە کراوە، ژە زۆرترە لە هەریاریزانێکی یانەکەی.

هەفتەی رابردوو رۆما لە جامی ئیتاڵیا بەدەستی لازیۆی هاوشاری دەرکرا. ئێستا یانەکەی پایتەخت هەوڵی راستکردنەوەی باری لاری لە خولی ئیتاڵی دەکات، کاتێک لە گەڕی 20ی سێریا ئەی لە یاریگەی سانسیرۆ رووبەڕووی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەبێتەوە. رۆما بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ، بە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت، هەرچی میلانیشە 39 خاڵی چنیوەتەوە و بە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت.

Loading related news...