
سێنتکۆم ڕایگەیاند، 130 ڕۆژ بەسەر گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت.
سێنتکۆم دەشڵێت، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا پیشەییانە ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 130 ڕۆژی یەک لەدوای یەک، بەسەر گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا هەڵکشانی گرژییەکان لە نێوان هەردوولا لە گەرووی هوورمز بەردەوامە.
هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە سەرنج و ڕژدبوون و پیشەییبوونێکی ناوازەوە گەمارۆکە جێبەجێ دەکەن.
ڕێگری دەکەن لەوەی سوپای پاسدارانی ئێران، نەوتی خاو بە بەهای ملیاران دۆلار هەناردە بکات.
لە 13ـی نیسانی ئەمساڵ گەمارۆکان دەستیانپێکرد، دوای شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
مانگی ڕابردوو، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکەوە ئێران 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەدەستداوە.
بەردەوامیی گەمارۆی ئەمریکا لەکاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی تاران و واشنتن لە نزیک گەرووی هوورمز و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران بەردەوامە و لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریکا هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر دوورگەی قشم و سوپای پاسدارانی ئێرانیش دەڵێت، درۆنێکی ئێم کیو ناینیان لە گەرووی هوورمز خستووەتەخوارەوە.
ئەمریکا فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران چڕترکردووەتەوە و هەر ئەمڕۆ لە نوێترین هەنگاویدا، واشنتن سزای بەسەر چوار کەسایەتی پەیوەست بە کەرتی نەوتی تاراندا سەپاند.
.jpg)
