
ستیڤن جێرارد، کاپتنی پێشووی لیڤەرپووڵ، ڕایگەیاند پێویستە مانچێستەر سیتی لە نازناوەکانی بێبەش بکرێت، یان ئاماژەیەکی تایبەت لە تەنیشت دەستکەوتەکانی دابنرێت، وەک سزایەک بۆ پێشێلکردنی یاسا داراییەکانی خولی نایابی ئینگلیزی.
لیژنەیەکی سەربەخۆ ئاشکرای کردووە کە مانچێستەر سیتی لە نێوان وەرزەکانی 2009 - 2010 تاوەکو 2017 - 2018 زانیاری دارایی نادروستی بە ڕابیتەی پرێمەرلیگ داوە.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی سیتی کۆڵ لە تۆمەتەکان نادات و مکوڕن لەسەر ئەوەی کە هیچ هەڵەیەکی یاسایی و داراییان نەکردووە و بێتاوانی خۆی دووپات دەکاتەوە و تێهەڵچوونەوەشی تۆمار کردووە.
جێرارد، کە وەرزی 2013 - 2014 پلەی دووەمی خولەکەی بەدەستهێنا، ئاماژەی بەوە کرد داوای لێسەندنەوەی میدالیا لە یاریزانەکانی مان سیتی ناکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هەڵە کارگێڕییەکانی یانەکەیانەوە نییە، بەڵکوو یانەی مان سیتی پێویستە سزای توند وەربگرێت.
جێرارد داوای دابەزاندنی سیتی بۆ خولی پلە یەک ڕەتکردەوە و پێشنیازی کرد سزاکە بریتی بێت لە قەدەغەکردنی هێنانی یاریزانی نوێ و کەمکردنەوەی خاڵ لەسەر یانەکە بۆ چەندین وەرز.





