
دواى پێنجوێن لە قەڵادزێ نەوتى سپى دابەش دەکرێت.
جێگرى پارێزگارى سلێمانى دەڵێت، ساڵى ڕابردوو دابەشکردنى نەوت لەکوێ وەستابوو لەوێوە دەستپێدەکەنەوە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، پاش تەواوکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى لە پێنجوێن، لە قەدڵادزێ دەست بەدابەشکردنى نەوتى سپى دەکرێت، جێگرى پارێزگارى سلێمانییش دەڵێت، سەرپەرشتى دابەشکردنى نەوتى سپى دەکەن.
پاش ئەوەى ڕۆژى شەممە 21ـى تشرینى دووەم، دابەشکردنی نەوتى سپى لە شارۆچکەى پێنجوێنەوە دەستیپێکرد، کە دابەشکردنەکەى بەردەوامە، پاش تەواوکردنى بەسەر هەموو خێزانەکاندا، نەوتى سپى لە شارۆچکەى قەڵادزێ دابەش دەکرێت.
بۆ وەرگرتنى نەوتەکەش، پێویستە خێزانەکان کۆبۆنى وەرگرتنى نەوتیان هەبێت و هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتى سپى بە 33 هەزار دینار پێ دەدرێت.
هەروەها شاهۆ عوسمان، جێگرى پارێزگارى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، هەر بڕە نەوتێکى سپى کە دەگاتە پارێزگاى سلێمانى، دەست بەدابەشکردنى دەکەین، کە لە ئیستدا لە شارۆچکەى پێنجوێنەوە دەستمان پێکردووە، سەرپەرشتى دابەشکرنەکەى دەکەین.
بەگوێرەى زانیارییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى، لە ناوەندى سلێمانیدا کە شارەکە دابەش بووە بۆ 10 مەڵبەند کراوە و ساڵى ڕابردوو نیوەى مەڵبەندى هەشت نەوتى سپى وەرگرتووە، بڕیاردراوە دابەشکردنى نەوتى سپى لە کوێ وەستابوو، هەر لەوێ دەستپێدەکاتەوە.
بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى نەوتى عێراق، دابەشکاريى ئەو 50 ملیۆن لیترە بە جۆرێکە، پارێزگاى سلێمانى 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر و ڕۆژانە 216 هەزار لیتر نەوتى سپى پێ دەگات و پارێزگاى هەڵەبجە یەک ملیۆن و 154 هەزار لیترى بەردەکەوێت و ڕۆژانە 36 هەزار لیتر نەوتى سپی پێ دەگات.
هاوکات، پارێزگاى هەولێر 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر و ڕۆژانە 180 هەزار لیترى پێدەگات و بۆ پارێزگاى دهۆک 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە و ڕۆژانە 108 هەزار لیترى پێدەگات.

