
ڕێکارەکانى ناردنى بەشەنەوتى سلێمانى و هەڵەبجە بەبێ گەڕانەوەیە بۆ سامانە سروشتییەکان.
پشکى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک دوێنێ گەیشت و ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنى کرا.
ئەمساڵ 100 لیتر نەوت دەدرێت بە هەر خێزانێک و نرخەکەی 33 هەزار دینارە.
چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنى یەکەم کاروانى نەوت، نرخى نەوتى سپى لە بازاڕى ڕەش هەرزان بێت.
عیزەت سابیر، جێگری وەزیری نەوت ڕایگەیاند، ڕەزامەندی وەزیری نەوتى وەرگرت ڕاستەوخۆ بەشەنەوتی سپی ماڵانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بگاتە دەستی هاونیشتمانییان، گوتیشى "پشت بە خودا سبەی دەگاتە دەستیان".
پێشتر وەزارەتى نەوت بەشە نەوتى هەرێمى کوردستانى دەنارد و سامانە سروشتییەکان بەسەر پارێزگا و یەکە سەربەخۆکاندا دابەشى دەکرد، ئەم ڕێکارەى عیزەت سابیرى ئاماژەى پێداوە، یەکەمجارە ڕوودەدات.
کۆی پارەی گواستنەوەى نەوتەکە ڕەوانەی بەغداد کراوە.
سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی نەوت تەواو کراون.
لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بەغداد 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات، پشکى پارێزگای سلێمانی 19 ملیۆن و 314 هەزار لیترە.