کەناڵ8 زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی عێراق و هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات

رێبوار حەمەوەیس2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • شاندێکى عێراق بە سەرۆکایەتیى موحسین مەندەلاوى لە هەرێمى کوردستانە.

  • شاندەکە لەبارەى نەوت و غازەوە داواکاریى نوێى لە هەرێمى کوردستان هەیە.

  • جیاوازى و ناکۆکى لەبارەى نەوت و غازەوە لەنێوان هەردوولا هەیە.


شاندى حکومەتى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى نەوت و وزە لە زاخۆ کۆبوونەوە، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست کەناڵ8 کەوتوون، لەبارەى ڕادەستکردنى نەوت و غاز نەگەیشتوونەتە ئەنجامێک.


زانیارییەکانى کەناڵ8 لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەوە:

  • ژمارەیەک دۆسییەیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان تاوتوێ کردووە.

  • لەوانەش ڕادەستکردنى نەوت و غازى سروشتی.

  • شاندى عێراق داواى ڕادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى کردووە.

  • بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گوتوویانە دەتوانن تەنیا 260 بەرمیل نەوت ڕادەستبکەن.

  • هەردوولا لەسەر دانانى ڕێکارێک بۆ دڵنیایی لە بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتوون.

  • شاندى حکومەتى عێراقى داواى ڕادەستکردنى غازى زیادەى هەرێمى کوردستان دەکات، وەک لە ڕەشنووسى پڕۆژە یاساى بودجەدا هاتووە.

  • وەڵامى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئەوەبووە بۆ ئەو پرسە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ دانەغاز بکەن و لەوانى بکڕنەوە.

موحسین مەندەلاوى لەبارەى کۆبوونەوەکەوە:

موحسین مەندەلاوى ئاماژەى بەوەکرد، باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرتی وزە کرا، لەوانە ڕێوشوێنەکانى هەناردەکردن، بەبازاڕکردن و بەڕێوەبردنی داهات، یەکخستنی بیروبۆچوونەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت.

مەندەلاوی، جەختی لە بەردەوامی دیالۆگ و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی پرسەکانی وزە و نەوت. دەشڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا جەختم لەسەر ڕێککەوتن بۆ دانانی هێڵی کاتیی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی پرسە پەیوەندیدارەکان کردووە".

پێکهاتەى شاندى حکومەتى عێراق:

موحسین مەندەلاوى، جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى وزە.

باسم محەممەد خزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق.

ژمارەیەک بەرپرسى دیکە

لایەنى هەرێمى کوردستان

مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەر.

کەمال محەممەد وەزیریى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت.

ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران

ژمارەیەک بەرپرسى دیکە

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕەشنووسى پڕۆژە یاساى بودجەى 2027 گەڕێنراوەتەوە بۆ وەزارەتى دارایی و بڕیارە دواى چەند گۆڕانکارییەک بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران.

Loading related news...