براکۆ شێرکۆ: پەروەردەى عێراق تاوانەکانى بەعسى بەرامبەر بە کورد پشتگوێخستووە

ژوان نیزام2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • وەزارەتى پەروەردەى عێراق کتێبێکى تایبەت بە تاوانەکانى بەعس بۆ پرۆگرامى خوێندن زیادکردووە.

  • ژمارەیەک پەرلەمانتار داواى پێداچوونەوە بە کتێبەکەدا دەکەن.

  • کتێبەکە وەک ماددەیەک لە پۆلى چوارى ئامادەیى دەخوێنرێت.


براکۆ شێرکۆ، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران داواکارییەکی فەرمییان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە کردووە سەبارەت بەو کتێبە مێژووییەی کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ پۆلی چواری ئامادەیی دەریکردووە، کە تایبەتە بە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس، بەڵام بە شێوازێکی نادادپەروەرانە چاوپۆشی لەو تاوانە گەورانە کراوە کە بەرامبەر بە کورد کراون.


براکۆ شێرکۆ:

  • 67 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر ئەو نووسراوە کردووە کە ئاڕاستەى ئەنجوومەنى نوێنەران کراوە.

  • پێویستە وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا بکات.

  • تاوانەکانی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرجەم تاوانەکانی دیکەی ڕژێمی بەعس دژی گەلی کورد لە مێژوودا وەک خۆی بچەسپێندرێن.

  • تاوەکو نەوەکانی داهاتووی عێراق مێژووی ڕاستەقینە و قوربانیانی دەستی دیکتاتۆرییەت وەک خۆی بخوێننەوە و مێژوو نەشێوێندرێت.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ئەیلوولی 2025 کتێبێکی نوێی بە ناوی " كتاب جرائم حزب البعث البائد " بۆ پۆلی چواری ئامادەیی داناوە، ئەم کتێبە سەرەڕای تیشکخستنە سەر ستەمکارییەکانی ڕژێمی پێشوو، بە تەواوی چاوپۆشی لە جینۆسایدی کورد، کەمپینەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کردووە.

ژوان نیزام

Sun Oct 25 2026

Loading related news...