
جۆزێ مۆرینیۆ پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی رۆما کرد، چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی بەرپرسانی یانە ئیتاڵییەکەیە، چونکە دەیەوێت، پێش کۆتاییهاتنی وادەی گرێبەستەکەی، داهاتووی خۆی یەکلاییبکاتەوە، لەم کاتەدا ئامادە نییە لەگەڵ هیچ کەسێکدا قسە بکات، تاوەکو ئەوکاتەی نەزانێت، بەرپرسانی یانەکەی پایتەخت بەنیازی چین
جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی و راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی روونیکردەوە، ئامانجی لەپێشینەی درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەڵ یانەی رۆما، ئەمەش دوای ئەو دەنگۆیانەهات، کە ناوی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە وەرگرتنی پۆستی راهێنەریی هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بەسترایەوە.
مۆرینیۆی تەمەن 60 ساڵ سەبارەت بە ئەگەری بوون بە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل گوتی: "تاوەکو ئێستا نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل قسەیان لەگەڵ من نەکردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی سامبا، بەڵام بریکارەکەمم ئاگەدارکردووەتەوە قسە لەگەڵ کەس نەکات، تاوەکو ئەوکاتەی یانەی بۆم رووندەبێتەوە، داخۆ بەرپرسانی رۆما دەیانەوێت لێرە بمێنەوە، یان.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "باوەڕ بەو دەنگۆیانە ناکەم کە باس لەوە دەکەن، بەرپرسانی رۆما دەیانەوێت من دووربخەنەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنی من دابنێن، چونکە متمانەم بە خاوەنی یانەکە هەیە و گومانم لە راستگۆییان نییە، هیچ هۆکارێکیش نییە باوەڕ بەوە بکەم، ئەوان لە پشتی منەوە قسە لەگەڵ راهێنەرانی دیکە دەکەن".
مۆرینیۆ لە تەوممووزی 2021 پۆستی راهێنەری یانەی رۆمای وەرگرت، لە حوزەیرانی ئەمساڵ ماوەی گرێبەستەکوەی لەگەڵ رۆما بەسەردەچێت.
لە ماوەی کارکردنی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە، یانەی رۆما بۆ یەکەمجار جامی کۆنفرانسلیگی بەدەستهێنا، وەرزی رابردوو، یانەکەی گەیاندە فایناڵی یۆرۆپالیگ، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە رۆما بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ سەربخات





