ڤیزا لە نێوان عێراق و میسر هەڵگیرا

پووختەى هەواڵ

  • عەلى زەیدى بە سەرۆکایەتیى شاندێکى باڵاى عێراق بە سەردانێکى فەرمى لە میسرە.

  • زەیدى و سیسى جەختیان لەسەر بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان کردەوە.


عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆککۆمارى میسر ڕێککەوتنى عێراق و میسرى لەبارەى هەڵگرتنى ڤیزا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕاگەیاند و عێراق و میسرى بە جەستە و ڕۆح ناو برد کە گوایە لە یەکدى جیا نابنەوە.


عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:

  • ئەمڕۆ لە پایتەختی وڵاتی میسری دۆست و برامانەوە لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار چەند پرسێکی گرنگ و هەنووکەییمان تاوتوێ کرد.

  • جەختمان لە یەکخستنی هەڵوێستی سیاسیی هەردوو وڵات کردەوە لە کۆمکاری عەرەبی و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

  • بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانمان.

  • پەیوەندیی نێوان عێراق و میسر پەیوەندیی دوو گەلە، پەیوەندییەکە وەک ڕۆح و جەستەیە و لە یەکدی جیا نابێتەوە.

  • هەر بەم بۆنەیەشەوە ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵات هەڵگیرا تاوەکو ڕۆڵەکانی بە ئازادی سەردانی یەکدی بکەن.

هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆکى میسر جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و میسر کردەوە.

گوتیشى، جەختمان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق کردەوە، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو ڕەت دەکەینەوە.

ڕۆژى دووشەممە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتیى شاندێکى باڵا بە سەردانێک گەیشتە وڵاتى میسر و سەرەتا لە کۆشکی ئیتیحادییە لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی کۆبووەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

عەلى زەیدى و عەبدولفەتاح سیسى کۆبوونەوە

شۆڕش محەمەد

Mon Nov 23 2026

Loading related news...