لە داستانی گلگامێشەوە بۆ مێژووی هاوچەرخ.. سلێمانی پایتەختی کولتوور و ڕۆشنبیرییە

ڕێکەوتی 14ی تشرینی دووەم، هاوتایە لەگەڵ ڕۆژی بنیادنانی شاری سلێمانی، کە بە شارە حەیاتەکە ناسراوە، ساڵی 1784، ئیبراهیم پاشای بابان، بەردی بناغەی شارەکەی داناوە و وەکو پایتەختی میرنشینەکەی بنیادیناوە.

مێژووی ناوی سلێمانی

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی فەرمیی پارێزگای سلێمانی، پێشنیاز دەکرێت، ناوی ئێستای سلێمانی، بەم جۆرانەی خوارەوە هاتبێت:

بۆچوونی یەکەم

لەنێو بنەماڵەی بابانییەکان، ناوی "سلێمان" زۆر بووە، لەوانە: سلێمان بەبەی کوڕی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، سلێمان پاشای گەورە و کوڕێکی ئیبراهیم پاشای بابان، بەشێک لە مێژوونووسان، ئاماژە بەوە دەدەن: ئیبراهیم پاشای بابان، بنیادنەری شاری سلێمانی، لە خۆشەویستیی ناوی باوکی "سلێمان پاشای گەورە"، ناوی شارەکەی ناوە.

بۆچوونی دووەم

لە سەروبەندی هەڵکەندن و دانانی بناغەی شارەکە، ئەنگوستیلەیەکی دێرین دۆزراوەتەوە، کە مۆری حەزرەتی سلێمانی لەسەر هەڵکۆڵراوە، کاتێک دەگاتە دەستی ئیبراهیم پاشا، بە ڕێکەوت و ڕووداوێکی پیرۆز لێی دەڕووانێت و ناوی شارەکە بەناوی پەیامبەر سلێمانەوە دەنێت.

بۆچوونی سێیەم

بە گوتەی ئەمین زەکی بەگی مێژوونووس؛ پێگەی ئێستای شاری سلێمانی، پێگەی شاری مێژوویی "سێلوونا"ی لۆلۆیی و گۆتییەکان بووە، کە کەوتووەتە نێوان دەربەندی بازیان و ئاکباتان، ناوی سلێمانییش، لە بنەڕەتی ئەم ناوە کۆنەوە هەڵهێنجراوە.

مێجەرسۆن و گۆڕینی ناوی سلێمانی

ساڵی 1920، حاکمی ئینگلیزەکان "مستەر مێجەرسۆن"، بە فەرمانێک، کە لە ڕۆژنامەی پێشکەوتندا بڵاویکردووەتەوە؛ فەرمانی داوە، لە نووسراوە فەرمییەکاندا، لەبری بەکارهێنانی "سلێمانییە"، وشەی "سلێمانی" بەکاربهێنرێت، ئەمەش مێژوویەکی هاوچەرخی گۆڕانی ناوی شارەکەیە.


مزگەوتی گەورە وەکو یەکەم زانستگەی سلێمانی

هەر لەگەڵ بنیادنانی شاری سلێمانیدا، مزگەوتی گەورە، یەکێک بووە لە دیارترین شوێنە گشتییەکانی شار، ئەم پێگە ئاینییە، لە سەردەمی بنیادنانیدا، کە بە لێکدانەوەی مێژوونووسان، بەگوێرەی پێوەرەکانی ئەمڕۆ، هاوتای زانکۆکانی ئێستایە، ناوەندی زانستەکان و پەروەردەکردن بووە، ناوەندێکیش بووە بۆ هاوکاریکردنی خەڵک.

مزگەوتی گەورە بێجگە لە مەزاری كاک ئەحمەدی شێخ، کە یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان، گۆڕی چەند میرێكی بابان ‌و بنەماڵەكانیان ‌و كەسایەتییەكانی دیكەی تێدایە، ئەمە پاڵنەر بووە تاوەکو شوێنەوارێكی مێژوویی ‌و ئایینیی گرنگ لە قەڵەم بدرێت لە ئاستی كوردستان.

بەشێكی دیكەی مزگەوتی گەورە پەیوەستە بە قوتابخانە ئایینییەكەیەوە، كە سەرەتا شێخ مارفی نۆدێ وانەی تێدا گوتوەتەوە، دواتریش كاک ئەحمەدی شێخ بەردەوام بووە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوام وانەی تێدا دەگوترێتەوە.


سلێمانی هەوێنی یەکەم دەقی چیرۆکی کوردییە

بە گوتەی پ. د. دڵشاد عەلی، یەکەم دەقی چیرۆکی کوردی ساڵی 1854، لەلایەن ئەحمەد پاشای بابان نووسراوە بە ناونیشانی "ئەگەر پاشا بوومایە" و 1857 لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەدات؛ لەناو بازنەی مێژووی ئەدەبی کوردییدا، تاوەکو ئێستا، سەرەتای چیرۆکی کوردی و یەکەم چیرۆکی کوردی، کە بە ناوی خاوەنەکەیەوە بڵاوکرابێتەوە و ناونیشانی هەبێت، ئەم چیرۆکەی ئەحمەد پاشای بابانە، کە یەکێکە لە دیارترین فەرمانڕەواکانی شاری سلێمانی.

جەخت لەوەش دەکاتەوە؛ لە زارەکانی دیکەدا دەقی کۆنترمان هەیە، بەڵام هەندێکی دەقی ئایینیین و هەندێکیشیان بێناون.


ڕەمزی قەزاز یەکەم سینەمای هێناوەتە سلێمانی

ڕەمزی قەزاز، ساڵی 1942، هاوشانی عومەر قەزازی برای، بیر لە برەودان و بەرەوپێشبردنی هونەر دەکاتەوە لە شاری سلێمانی، بەم مەبەستەش، یەکەم ئامێری پیشاندانی فیلمی سینەمایی هێناوە بۆ شارەکە و سینەمای "سەڵاحەددین" دامەزراندووە، یەکەم فیلمیش کە نمایشکراوە، فیلمی ئەمریکی "گەڕانەوەی فرانک جەیمس" بووە لە دەرهێنانی فریتز لانگ


سلێمانی دەستەخوشکی بەغدادە بۆ شاری ئەدەبی جیهان

لە ئاستی جیهانییدا، بەگوێرەی خەمڵاندن و پێوەرەکانی ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، شاری سلێمانی، هاوتای شاری بەغداد، وەکو دوو دیارترین شارەکانی وڵاتی عێراق، دیاریکراون بۆ بوون بە شاری ئەدەبیی جیهان، کە هاوتایە لەگەڵ پایتەختی ئەدەبیات.

لە جیهاندا و تاوەکو ئێستا، تەنها 63 شار لە جیهاندا، وەکو شاری ئەدەبیی لەلایەن یونسکۆوە دیاریکراون، بوونی سلێمانی لەم لیستەدا، ئاماژەدەری ئەو پاشخانە کولتوورییە دەوڵەمەندەیە کە خاوەنیەتی.


مۆزەخانەی سلێمانی گەورەترین مۆزەخانەی هەرێمی کوردستانە

مۆزەخانەی سلێمانی، ساڵی 1961 دامەزراوە، یەکەم گەورەترین و دەوڵەمەندترین مۆزەخانەی هەرێمی کوردستانە، لە ئاستی عێراقیشدا، پلەی دووەمی گرتووە پاش مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق لە بەغداد، ئەم مۆزەخانەیە، دەوڵەمەندە بە پارچەی شوێنەوار، بەدیاریکراوییش ئەو شوێنەوارانەی لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان و میزۆپۆتامیاوە جێماون.

لە ساڵی 2011ـەوە، ئەم مۆزەخانەیە بە هاوبەشیی لەگەڵ ئاژانسی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک زانکۆی ئەوروپا، کاری لەسەر بەرەوپێشبردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە و ژوورەکانی کردووە.

یەکێک لە دیارترین پارچە مێژووییەکانی ئەم مۆزەخانەیە، بەناوی "تابلێتی ژمارە پێنج"ی ئەفسانەی گلگامێش، لەم مۆزەخانەیەدا پارێزراوە، کە پارچەیەکی مێژوویی شارستانییەتی بابلییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین.


هەزارمێرد و کۆنترین ژیاری مرۆیی سلێمانی

ئەشکەوتی هەزارمێرد، یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارە سروشتییەکانی شاری سلێمانی، لە ئاستی وڵاتی عێراقیش گرنگییەکی زۆری هەیە و دووەم گەورەترین ئەشکەوتی هەرێمی کوردستانە.

هاوشانی ئەشکەوتی شانەدەر، هەزارمێرد بەڵگەی ژیانی کۆنترین مرۆڤەکانی ناوچەکە و نیاندەرتاڵی تێدا دۆزراوەتەوە، بەشێک لە شارەزایان، جەخت لەوە دەکەنەوە؛ مێژووی ژیاری مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەم ئەشکەوتە، دەگەڕێتەوە بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەی پێویست و پشتگوێخستنەوە، مێژووی ڕاستەقینەی ژیاری مرۆیی ئەشکەوتەکە بە ناڕوونیی ماوەتەوە.


چیای پیرەمەگرون.. چیا سەرکەشەکەی داستانی گلگامێش

چیای پیرەمەگرون، یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارە سروشتییەکانی شاری سلێمانی، مێژوویەکی دێرینی هەیە لەگەڵ ژیارە مرۆییەکاندا.

بەگوێرەی بەڵگەنامە و نووسراوەکانی نووسەری ئەمریکی "بێنجامین سکۆڵنیک"، مێژووی ناوهێنان و باسکردنی ئەم چیایە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی گلگامێش، کە تێیدا، بە ناوی "نیموش" هاتووە، کە وەکو چیای گیرسانەوەی کەشتییەکەی حەزرەتی نوح جەختی لێدەکرێتەوە.

بەنزیکەی دوو هەزار و 900 ساڵ لەمەوبەر، لەکاتی هێرشی "ناسیرپاڵ"ی پاشای ئاشورییەکان بۆسەر شارەزوور، چیاکە بە ناوی "نیموش" ناودەهێنێت و ئاماژە بەوە دەدات؛ لۆلۆییەکان بەم چیایەیان گوتووە "کینپە".

ئەم چیایە، وەکو سیمبولێکی ئایینیی و پیرۆز لێیان ڕووانیوە، لە ژیارە سەرەتاییەکانی پێش مێژوودا، پێگەی پاکبوونەوەی ڕۆحەکان و پارێزگاریی خودا بووە لە بەندەکان.

حەسەن فەلاح

Sat Nov 14 2026

Loading related news...