ڕۆژەکان لە دواى لافاوەکەى هەولێر تێدەپەڕن.
بەڵام خەم و ئازارەکانى لافاوەکە لە دڵى هاونیشتمانییان هەر دەمێنێت.
لەگەڵ تیپەڕینی هەر ڕۆژێک، نەهامەتی و خەمی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەى شارى هەولێر زیاتر دەبن. تێکچونی ماڵ و ئۆتۆمبێل لە لایەک و دیمەنی دووبارەی قوڕ و پاشماوەی لافاو لە کۆڵان و ماڵەکاندا لە لایەکی دیکە، هێندەى دیکە بووەتە بارگرانى بەسەر ژیانى زیانلێکەوتووان.
پەلە بکرێت لە پاککردنەوەی گەڕەک و کۆڵانەکان.
تاوەکو دووبارە هەم بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە هەمیش ژیانى ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە.
لافاوەکەی هەولێر زیانێکی زۆری بە هاونیشیتیمانیان و شەقامەکان گەیاندووە.
بەشێکی شەقامە سەرەکیەکانی پاک کراونەتەوە.
بەڵام ئەوەکۆتایی چیرۆکى ڕووداوەکە نیە، بەڵکو ئەرکە زۆرەکە لە گەڕەک و کوڵانەکانە.
زۆرینەیان تاوەکو ئێستا، پاک نەکراوتەوە.
بەشێک لە هاونیشتیمانیان لەسەر ئەرکی خۆیان شەقامی بەردەم ماڵەکانیان لە قوڕ و پاشماوەی لافاوەکە پاکدەکەنەوە.
دۆخەکە بە جۆرێکە، کە هەموو هاونیشتمانیانى کوردستان دڵگرانن بۆ زیانلێکەوتوان. ئەمەش وایکردووە، ژمارەیەک گەنجى خۆبەخش لە شارى سلێمانییەوە بێن بۆ هەولێر بۆ هاوکاریکردنى تیمەکان و زیانلێکەوتوان.
ئێستا زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر لە هەنگاوی سەرەتادا پێویستیان بە پاکردنەوەی ماڵەکان و گەڕەکەکانیان هەیە، بەشێکی زۆریشیان دوای پێنج شەو لە ڕووداوەکە تاوەکو ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.