سبەی و دوو سبەی کۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی بەڕێوەدەچێت

سبەی و دوو سبەی کۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی بەڕێوەدەچێت

00:00/00:00

پووختەى ڕاپۆرت

  • کۆڕبەندەکە لەژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت.

  • 73 سەرکردە و کەسایەتیی ناوخۆی وعێراق و جیهانی لە کۆڕبەندەکە قسە دەکەن.

  • سەرۆککۆمار و وەزیری نەوت و وەزیری دادی عێراق لە کۆڕبەندەکە بەشدار دەبن.

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕبەندەکە قسە دەکات.

  • عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا لە کۆڕبەندەکە بەشدار دەبێت.

  • وەزیری دەرەوەی یۆنان، وەزیری دەوڵەتی شانشینی هۆڵەندا لە کۆڕبەندەکە بەشدار دەبن.

  • وەزیری دەوڵەت لە بەریتانیا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان لە کۆڕبەندەکە بەشدار دەبێت.


لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، کۆڕبەندی ستراتیجیی سلێمانی، بە بەشداریی چەندین سەرکردە و کەسایەتیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازیی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، لەژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت.


بەشدارانى کۆڕبەندەکە

  • 73 سەرکردە و کەسایەتیی ناوخۆی و عێراقی و هەرێمی و جیهانی لە کۆڕبەندەکە قسە دەکەن.

  • نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق.

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

  • قوباد تاڵەبانی.

  • باسم خزەیر، وەزیری نەوت.

  • خالید شوانی وەزیری دادی عێراق.

  • عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا.

  • وەزیری دەرەوەی یۆنان.

  • وەزیری دەوڵەتی شانشینی هۆڵەندا.

  • وەزیری پێشووی وەبەرهێنانی بەریتانیا.

  • جەیمس هیپی، وەزیری پێشووی دەوڵەت لە بەریتانیا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان.

ئامانجی کۆڕبەندەکە

کۆکردنەوەی سەرکردە سیاسییەکان، فەرماندە سەربازییەکان، بازرگانان و بیرمەندانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگارییە ستراتیژییەکان و بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، دیپلۆماسی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

هەروەها دەستەیەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی باڵای هەیە کە کەسایەتییە دیارەکانی وەک سەرۆکەکانی پێشووی ئۆکراینا، کۆڵۆمبیا، نەیجیریا و سەنیگال، لەگەڵ سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI6) و فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا و ناتۆ لەخۆدەگرێت.

کارەکانى کۆڕبەندەکە

کۆڕبەندەکە کار بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشەکانی لە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئاسیا دەکات لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.

گفتوگۆکانی پانێڵەکان، تایبەت دەبن بە داهاتووی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێکۆڵینەوە لە ئاڵنگارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، دۆخی ئابووری و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی ئەمنیی و گەشەپێدانی ئابووری، پەرەپێدانی دیدگای هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی ناوچەکە و جیهان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەستە کێشە و دەرفەتەکانی ناوچەکە.

پێگەى سلێمانى و بەڕێوەچوونى کۆڕبەندەکە

کۆڕبەندەکە گرنگی زۆری بۆ شاری سلێمانی هەیە و پێگەی شارەکە وەک ناوەندێکی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ئاسایش، ئابووری و دیپلۆماسی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان ئەوەیە، کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی ببێتە وێستگەیەکی دانپێدانراو لە ڕۆژمێری ستراتیژیی نێودەوڵەتیدا کە سەرکردەکان بۆی بگەڕێنەوە و پەیوەندییە دامەزراوەییەکان تێیدا قووڵتر ببنەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

قوباد تاڵەبانى: ئەم هەفتەیە لە سلێمانى پێشوازیى لە جیهان دەکەین

Loading related news...