
کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا داتاکانی تایبەت بە هاوردەکردنی نەوتی خاوی بۆ هەفتەی ڕابردوو بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکڕا ڕۆژانە 4,908,000 بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی 10 وڵاتی جیاوازەوە هاوردە کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی 55% دابەزیوە. تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی عێراق گەیشتووەتە 83,000 بەرمیل، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشتردا ئەو بڕە 168,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە.
لە ڕیزبەندی وڵاتانی هەناردەکاردا، کەنەدا لە پلەی یەکەمدا دێت بە هەناردەکردنی 3,813,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. لە دوای ئەویش سعوودیە بە 370,000 بەرمیل و مەکسیک بە 216,000 بەرمیل لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن. کۆڵۆمبیا بە 128,000 بەرمیل و ئیکوادۆر بە 119,000 بەرمیل لە ڕیزبەندییەکانی دواتردا جێگیر بوون.
ئەمریکا بە گەورەترین بەکاربەری نەوت لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت و قەبارەی بەکارهێنانی نەوتی خاو لەو وڵاتەدا دەگاتە 20,000,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا. واشنتن بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی نەوت لەو 10 وڵاتە دەبەستێت کە بەردەوام نەوتی بۆ دابین دەکەن.

