
نیوکاسڵ بەدەست پێکانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، تاوەکو ئێستا 10 یاریزانی یانە تووشی پێکان بوون، جۆلینتۆن یەکێکی دیکەیە لە قوربانییەکانی یانەی نیوکاسڵ کە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن بێبەشدەبێت
لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی، تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان یانەی نیوکاسڵ و مانچێستەر سیتی، لە گەڕی21ی پرێمەرلیگ، ئیدی هاو، راهێنەری یانەی نیوکاسڵ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان دەربارەی پێکانەکەی جۆلینتۆن ئاشکرایکرد: "جۆلینتۆن بۆ ماوەی شەش هەفتە لەگەڵمان نابێت، ئەوە هەواڵێکی خۆش نییە، ئەوە پێکانێکە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی هێرشبەرەکەمان بۆ ماوەی شەش هەفتە، ئەوە گورزێکی گەورەیە بەر ئێمە دەکەوێت".
راهێنەرەکەی نیوکاسڵ ئەوەشی گوت: "ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە ئەژنۆیدا تووشی پێکان بووە، بەڕاستی ئەوەم بیست، تووشی نائومێدیی بووم، چوکە لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانمان، گورزێکی گەورەیە بەر توانای هێڵی ناوەندی تیپەکەمان دەکەوێت".
راهێنەرە تەمەن 46 ساڵەکە ئەوەشی گوت: "بەهۆی یاسای یاریی خاوێنەوە نەمانتوانی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە، یاریزان بۆ تیپەکەمان زیاد بکەین، چونکە 92 ملیۆن کورتهێنانمان هەبووە لە خەرجی و بەدەستهێنانی داهاتدا.
یانەی نیوکاسڵ، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 لەلایەن گرووپی سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت.





