
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئامادە کردووە کە ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، کۆتوبەندێکی توند دەخاتە سەر هەر جۆرە پەیوەندی و هاوکارییەکی هاوڵاتیانی ئێرانی لەگەڵ دامەزراوە، میدیا و ڕێکخراوە بیانییەکاندا، بەجۆرێک ناردنی وێنەیەکیش دەبێتە تاوان و سزای زیندانی لەسەر دەبێت.
ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی چەند مانگێکە پرسی لاوازیی دامەزراوە ئەمنییەکان و دزەکردنی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ ناوخۆی وڵاتەکە، بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکان. ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، ڕایگەیاندووە، کە پڕۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی زانیاری" ئەگەر پەسەند بکرێت، دەسەڵاتی زیاتر دەداتە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.
پڕۆژەیاساکە کە لە 19 ماددە پێکدێت، بە شێوەیەکی سەرەکی کاری میدیایی و پەیوەندی لەگەڵ میدیای بیانی کردووەتە ئامانج:
چاوپێکەوتن: ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو میدیانەی لە "لیستی قەدەغەکراو"ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدان، دەبێتە تاوان.
ناردنی زانیاری: ناردنی هەر جۆرە وێنە، ڤیدیۆ، یان پەیامێک بۆ میدیا یان تەنانەت چالاکوانە بیانییەکان، بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای زیندانی لەسەرە.
تۆمارکردن: هەر چاوپێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ میدیای بیانی، دەبێت لە سیستمێکدا تۆمار بکرێت کە لەژێر چاودێریی وەزارەتی ئیتڵاعاتدا بێت.
کۆتوبەندەکان تەنها میدیا ناگرێتەوە، بەڵکو کەرتی زانستی و هونەریش بە توندی سنووردار دەکات:
توێژینەوەی زانستی: وەزارەتی ئیتڵاعات ساڵانە لیستی ئەو زانکۆ و دامەزراوە بیانیانە بڵاودەکاتەوە کە ڕێگەپێدراون. ناردنی هەر نموونەیەکی توێژینەوە بۆ دەرەوەی ئەو لیستە، سزای زیندانی لەسەرە.
بەرهەمی هونەری: بەرهەمهێنانی کاری هونەری لەژێر چاودێری یان ڕاهێنانی لایەنی بیانی، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی هەمیشەیی هونەرمەندەکە لە کاری هونەری و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە داراییەکانی.
یەکێک لە مەترسیدارترین بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە ئەوەیە کە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ باڵیۆزخانە، ڕێکخراو یان دامەزراوەی نا-ئێرانی (لە ناوخۆ یان دەرەوە)، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی نووسراو لە وەزارەتی دەرەوە، بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای پێبژاردن و زیندانی لەسەرە.
پڕۆژەیاساکە چوارچێوە گشتییەکەی پەسەند کراوە و ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەی کۆتاییدایە و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

