پشکی پارێزگاکان دیاریکرا؛ بەغداد 62 ملیار دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

پارەی گەنمی جووتیاران
پارەی گەنمی جووتیاران

پووختەی هەواڵەکە

  • بەغداد 62 ملیار دینار بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکات.

  • نەسرین ئەحمەد: پارەى گەنمى پارێزگاى سلێمانى 22.6 ملیار دینارە.

  • دابەشکردنى ئەم شایستەیە پارەى قۆناغى دووەمى خەرجکردنى گەنمى ئەمساڵە.


وەزارەتى بازرگانیی عێراق بڕى 62 ملیار دینارى دیکەى پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکات و کەناڵ8 دابەشکردنى پارەکە بەسەر پارێزگاکان دەخاتەڕوو.


نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بە کەناڵ8ـ:

  • وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە کۆى 500 ملیار دینار کە بۆ شایستەى جووتیارانى عێراق خەرج دەکرێت، بڕى 62 ملیار دینارى بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان تەرخان کردووە و پشکى پارێزگاکانیشی لێ جیاکراوەتەوە.

  • شایستەى دارایی جووتیارانى پارێزگاى سلێمانى 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار و پارێزگاى هەولێر 20 ملیار و 400 ملیۆن دینار و پارێزگاى دهۆک 19 ملیار دینارە.

  • ڕێکارەکانى خەرجکردنى شایستەى دارایی جووتیاران پاش گەیشتنى چەکى پارەکە بە بانکەکان دەستپێدەکەن، بەڵام هیچ وادەیەک دیارى نەکراوە.

شایستەی جوتیاران

  • جووتیارانى هەرێمى کوردستان، بۆ ساڵى 2026 بڕى زیاتر لە 390 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستى بەغداد کردووە.

  • کە 292 هەزار تۆنى لە چوارچێوەى پلان و هەر تۆنێک بە 700 هەزار دیناربووە.

  • 108 هەزار تۆن لەدەرەوەى پلان، بۆ هەر تۆنێک 500 هەزار دینار تەرخانکراوە،.

  • 390 هەزار تۆنەکە زیاتر لە 250 ملیار دینار دەکات، کە بەغداد پێویستە بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستانى خەرج بکات.

بە خەرجکردنى دووەم گوژمەى شایستەى دارایی جووتیاران، بەغداد زیاتر لە 170 ملیار دینارى جووتیارانى هەرێمى کوردستان قەرزار دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتى بازرگانیى عێراق بڵاویکردەوە، سەرەتاى ئەم هەفتەیە 700 ملیار دینار پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى 2026 لەگەڵ 200 ملیار دینار بۆ ئەو گەنمەی تەرخانکراوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، دەست بەدابەشکردنى دەکەن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

وەزارەتى بازرگانیى عێراق: هەفتەى داهاتوو دەست بە خەرجکردنى 700 ملیار دینار پارەى گەنمى جووتیاران دەکرێت

Loading related news...