خەرجیى شارەدێی فایدە لە دهۆک لە تەواوی پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی زیاترە

خەرجیى شارەدێی فایدە لە دهۆک لە تەواوی پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی زیاترە

00:00/00:00

پووختەى ڕاپۆرت

  • کابینەى نۆیەم، پەیڕەوى لە مەرکەزییەت و جیاکاریى لەنێوان ناوچەکاندا کرد.

  • پارە بۆ پڕۆژەکانى سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە تەرخاننەکراوە.

  • تەواوى پڕۆژەکان لەسەر داهاتى ناوخۆ و بەهاوکارى سەرمایەداران کراون.


بەگوێرەی بەدواداچوون و ئامارە فەرمییەکان کە دەست کەناڵ8 کەوتوون، جیاوازییەکی بەرچاو لە تەرخانکردنی بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە جۆرێک، ئەو بڕە پارەیەی لە کابینەی نۆیەمدا بۆ تەنیا شارەدێیەک (ناحیەیەک) لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە، لە کۆی گشتیی خەرجیی پڕۆژە بەردەوامەکانی تەواوی پارێزگای سلێمانی زیاترە. ئەمەش لە کاتێکدایە دانیشتووانی ئەو شارەدێیە هێشتا بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانەوە دەناڵێنن.


300 ملیار دینار بۆ شارەدێیەک و ناڕەزایی دانیشتووانەکەی

عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری شارەدێی فایدە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاندووە لە کابینەی نۆیەمدا بڕی 300 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردەی سنوورەکەیان خەرج کراوە.

لە بەدواداچوونێکی مەیدانی پەیامنێرى کەناڵ8 کە پێشتر لەسەر داواکاریی خەڵکی سنوورەکە کردوویەتى، دەرکەوتووە دانیشتووانی فایدە جەخت لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری دەکەنەوە و دەڵێن لە هاویندا تۆز و خۆڵ و لە زستانیشدا قوڕ و لیتە دەچێتە ناو ماڵەکانیان و داوای قیرتاوکردنی سەرەتاییترین شەقامەکانیان دەکەن.

هاوکات لە هەمان پارێزگای دهۆک، تاوەکو ئێستا کێشەی ڕووباری هیشکەڕۆ چارەسەر نەکراوە کە هەموو زستانێک مەترسی لەسەر ژیانی سەدان خێزان دروست دەکات.

ئاماری پڕۆژەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان

لە بەرامبەر ئەو 300 ملیار دینارەی بۆ شارەدێی فایدە تەرخان کراوە، ئامارە بەردەستەکان دەریدەخەن کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بە داهاتێکی کەم و لەسەر ئەرکی داهاتی ناوخۆ و سەرمایەداران کار لە پڕۆژەکاندا دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی داهاتی ئەم سنوورە بۆ پڕکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە و مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەبڕدرێت:

پارێزگای سلێمانی:

  • کۆی گشتیی بودجەی هەموو ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان (شەقام، ڕێگا دووسایدەکان، نەخۆشخانە، نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکان و پارکەکان) تەنیا 245 ملیار و 876 ملیۆن دینارە.

  • ژمارەی پڕۆژەکان 281

  • 134 پڕۆژەیان لەلایەن بەڵێندەران یان بە شێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن.

  • 147 پڕۆژەکەی دیکەش بە شێوەی تەندەرین و بانگەواز، دوای ئەوەی لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا پرۆسەی تەندەرین ڕاگیرابوو.

پارێزگای هەڵەبجە:

کۆی گشتیی پڕۆژەکان 386 پڕۆژە.

215 پڕۆژە تەواو کراون.

105 پڕۆژە کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

66 پڕۆژەش ڕاگیراون.

زۆربەی ئەم پڕۆژانە لەسەر داهاتی ناوخۆی شارەکە خۆی جێبەجێ دەکرێن.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:

کۆی گشتیی پڕۆژەکان 449 پڕۆژە.

285 پڕۆژە تەواو کراون.

106 پڕۆژە کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

58 پڕۆژە ڕاگیراون.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین:

کۆی گشتیی پڕۆژەکان 337 پڕۆژە.

(201 پڕۆژە تەواو کراون.

88 پڕۆژە کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

48 پڕۆژەش ڕاگیراون.

پڕۆژە ستراتیجییە ڕاگیراوەکان

  • بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە کاتێکدا 300 ملیار دینار بۆ ناحیەیەک تەرخان کراوە، چەندین پڕۆژەی ستراتیجیی دیکە کە پێویستیان بە بودجەیەکی زۆر کەمتر بووە پشتگوێخراون لەوانە؛

  • پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە کە پێویستی بە تەنیا 70 ملیار دینار بوو و ئێستا لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیییەکانەوە کار بۆ تەواوکردنی دەکرێت.

  • پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان کە لە ساڵی 2008ـەوە دەرکەوتبوو ئاوەکەی بۆ خواردنەوە شیاو نییە و لە ساڵی 2013 بڕیاری جێبەجێکردنی درابوو، لە کابینەی نۆیەمدا بودجەکەی ڕاگیرا و دواتر لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی دەست بە تەواوکردنی کرایەوە.

ئەم داتا و بەراوردکارییانە پرسیاری جددی لەسەر دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و بودجەی گشتی لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

داتاکانی میدیا و زانیاری؛ جیاوازیی گەورە لەنێوان پڕۆژەکانی هەولێر و دهۆک بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە کراوە

لامەرکەزییەت خاڵی هاوبەشی لایەنەکانی دەرەوەی پارتییە

یەکگرتوو: کۆتایى بە قۆرخکارى بهێنرێت و چاکسازیی ڕاستەقینە لە سیستمی حوکمڕانیدا بکرێت

کەناڵ8

Tue Nov 24 2026

Loading related news...