
حەیدەر عەبوودى: مووچەى هەرێمى کوردستان گرەنتی کراوە.
حەیدەر عەبوودى: دابینکردنى مووچە ڕێنماییەکى پابەندکەرى سەرۆکوەزیرانە.
عەبوودى: مووچەى هەرێمى کوردستان نابەسترێتەوە بە گفتوگۆکانى هیچ دۆسیەیەکى دیکە.
حکومەتى عێراق لەبارەى مووچەى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەدات و دووپاتیدەکاتەوە، مووچەى هەرێمى کوردستان گرەنتیی کراوە و ناخرێتە نێو گفتوگۆکانى هیچ دۆسیەیەکى دیکە.
دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و دەست بۆنەبردنى ڕێنماییەکى پابەندکەرى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانە.
دۆسیەى مووچە جیایە لە تەواوى دۆسیەکانى دیکە و ناکرێت گرێبدرێت بە گفتوگۆکانى پەیوەست بە دۆسیەکانى دیکە.
حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنى دیدگا و بەرنامەکەى لە سەپاندنى دەسەڵاتى دەوڵەت.
بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنى یاسا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەرپەرچدانەوەى هەر سەرپێچییەک بۆ سەر سامانى نیشتمانى لە سەرتاسەرى وڵات.
لێدوانەکەی گوتەبێژی حکومەتى عێراق لە کاتێکدایە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ماوەی چەندین ساڵە یەکێکە لە ئاڵۆزترین ناکۆکییە دارایی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە زۆرجار بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانەوە دوادەکەوێت یان دەبێتە کارتێکی فشار لە دانوستانەکاندا. سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنە بەردەوامەکانی ناو یاسای بودجە بۆ جیاکردنەوەی بژێویی مووچەخۆران لە ململانێ سیاسییەکان.
هاوکات، پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و بوونی پاڵاوگە نایاساییەکان بووەتە یەکێک لە گەورەترین تەحەدا ئەمنی و ئابوورییەکانی بەردەم حکومەتی عێراق، کە تێیدا سامانی نیشتمانی لە ڕێگەی تۆڕی قاچاخچێتی و دەستکاریکردنی بۆرییە نەوتییەکانەوە بەهەدەر دەدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتی فیدراڵی هەڵمەتێکی فراوانی بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و جووڵەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکان ، بەشێک لە بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن ئەو هەڵمەتانە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە .
