چ کاتێک نەشتەرگەری بۆ لاربردنی گرێی منداڵدان دەکرێت؟

د. هودا محێدین محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
د. هودا محێدین محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون

گرێی منداڵدان (گرێی رەحم) لە جۆری فایبرۆید باوترین جۆری گرێی ناشێرپەنجەیی منداڵدانە کە لە گەشەکردنی نائاسایی ماسولکە و ریشاڵەخانەکان لەناو یان چواردەوری منداڵداندا دروستدەبێت.

د. هودا محێدین محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە هۆکار و چارەسەرەکانی گرێی منداڵدان کرد و گوتی "هەرچەندە هۆکارەکەی بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام دەگوترێت پەیوەندیی بە هۆرمۆنی ئیسترۆجینەوە هەیە".

هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە تەمەنی باڵغبوون و بەتایبەتیش لە بیست ساڵییەوە لە جەستەی خانماندا دەردەدرێت و رێژەکەی زیاددەکات، رێژەی هۆرمۆنەکە بەگوێرەی سووڕی مانگانە دەگۆڕێت و لەکاتی دووگیانیدا رێژەکەی زیاددەکات.

سەبارەت بە هۆکارەکانی گرێی منداڵدان، پسپۆڕەکەی ژنان و منداڵبوون ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرینەی جارەکان گرێکە هیچ نیشانەیەکی نییە و بە سۆنارێکی ئاسایی دەردەکەوێت؛ "نزیکەی 65% بۆ 80%ـی خانمان گرێکەیان هەیە، بەڵام ئەم گرێیە نابێت هیچ جێگەی ترس بێت،  چونکە لە 1000 خانم تەنیا خانمێک تووشی شێرپەنجە دەبێت".

وەکو د. هودا محێدین ئاماژەی پێدا، لە چەند حاڵەتێکدا دەکرێت نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێی منداڵدان بکرێت، حاڵەتەکان ئەمانەن:

  • خانمەکە ئازارێکی زۆری هەیە
  • قەبارەی گرێکە گەورەیە
  • گرێکە پەستانی لەسەر میزڵدان و ریخۆڵەکان دروستکردووە
  • خوێنبەربوونی زۆری لەگەڵە
  • خانمەکە بەهۆی گرێکەوە ناتوانێت منداڵی ببێت
Loading related news...