شەوی ڕابردوو لە نزیک پارکی هەواری ئۆتۆمبێلێک لە ژنێکی دا.
بەو هۆیەوە ژنەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
دواتر وابڵاوکرایەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەڵاتووە.
کەناڵ8 زانیاریى ئەوەى دەستکەوت بە دیاریکراوى ڕووداوەکە لەسەر شەقامی مێرگەپان کە شەقامێکی خێرایە لە نزیک گوندی کانی بەردینە بووە کە چەند کیلۆمەترێک لە پارکی هەواری شار دوورە، ئەو ئۆتۆمبێلەشی لەو ژنەی داوە، شۆفێرەکەی دادوەرێکی ناسراوە لە سەرۆکایەتیی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی.
دادوەرەکە سەرەتا شوێنی ڕووداوەکەی جێنەهێشتووە.
بەڵکو بۆ ماوەی 20 خولەک لەو شوێنە ماوەتەوە.
تێکەڵبوونێک ڕوویداوە و چەند شایەتحاڵێک گوتوویانە، کە سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی دیکە لەو ژنەی داوە و دواتریش بەر ئۆتۆمبێلی دادوەرەکە کەوتووە.
بەو هۆیەوە دادوەرەکە شوێنەکەی جێهێشتووە.
دووشەممە، دادوەرەکە خۆی ڕادەستکردووە، بە بڕیاری دادوەریی لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە.
بەگوێرەى کەشف و هێڵکاریی شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوتووە تەنیا ئۆتۆمبێلی دادوەرەکە لەو ژنەی داوە، هیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکە پێشتر لەو ژنەی نەداوە.