
بەرپرسانى قەندیل لە ڕەخنە و گلەییەکانیان لە هەنگاوەکانى دەوڵەتى تورکیا بەردەوامن.
ئەوان باسلەوە دەکەن پابەندییەکانى خۆیان بەجێهێناوە، بەڵام دەوڵەتى دەستى دەستى دەکات.
دیارینەکردنى پێگەى ئۆجەلان، نیگەرانییەکى سەرەکیى بەرپرسانى قەندیلە.
لەوبارەیەوە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە مەدیا خەبەری ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت هەنگاو نانێت، پڕۆسەی ئاشتی لە وەستان، بەستن، سستبوون و گیرخواردندایە. هۆزات باشنەکردنی دۆخی ئۆجەلان وەک یەکێک لەو هەنگاوانە باس دەکات، کە دەوڵەت دەبوو بینێت و نەیناوە.
هێزەکانمان لە تورکیا و یەکە تایبەتەکانمان لە شارەکانی تورکیاوە کشاندووەتەوە.
لەلایەنی دەوڵەتەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پڕۆسەکەدا نییە و زەمینەی دیموکراسیی و سیاسیی نەڕەخسێنراوە.
ئەگەر تورکیا دۆخی ئۆجەلان بگۆڕێت و زەمینەی یاسایی و دیموکراسیی بڕەخسێنێت، نەک لە مەتینا و خواکوڕک، ئەندامانی پەکەکە لە هەموو گۆڕەپانەکان واز لە چەک دەهێنن.
دەست بە سیاسەت دەکەن، بەڵام تورکیا هەنگاو نانێت.
هۆزات لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان دەڵێت، بەبێ ئازادیی ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەکەی بە فەرمی، ئەندامەکانیان یەک هەنگاوی دیکە نانێن و پڕۆسەکە ناچێتە پێشەوە.
لەبارەی قسەکانی محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا کە گوتی، "پێگەی یاسایی بە ئۆجەلان نادرێت" بەسێ هۆزات دەڵێت، "ئوچوم ئەندامی ناو جەنگی تایبەتە و نوێنەرایەتی ئەو کەسانە دەکات، کە جەنگ و بێچارەسەرییان دەوێت".
لە تورکیا بەشێک لەو زیندانیکراوانەی زیندانی هەمیشەییان هەیە و ماوەی زیندانیکردنیان تەواوکردووە کە 30 ساڵە، ئازادکردنیان دواخراوە، هۆزات ئەو دۆخە بە تۆڵەکردنەوە و جددینەبوونی دەوڵەت لە پێشخستنی پڕۆسەکە ناو دەبات و دەڵێت، ئەو کارە دوژمنایەتیکردنی کوردە.
قەرەیلان: کۆی شەهیدەکانی شۆڕشەکەمان لە 50 هەزار نزیک دەبێتەوە