کەناڵ8 وردەکاریی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی 2027 ئاشکرا دەکات؛ سێشەممە یەکلا دەکرێنەوە

پووختەی هەواڵەکە

  • لە کۆبوونەوەکەی سێشەممەدا دەروازە سنوورییەکان و نەوت و داهاتی نەوتی و پشکی هەرێم تاوتوێ دەکرێن.

  • مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان گرەنتی کراوە.

  • بەغداد دوو تریلیۆن دینارى بۆ خانەنشینانى هەرێمى کوردستان تەرخان کردووە.

  • هەرێمى کوردستان داواى 3.5 تریلیۆن دینارى بۆ شایستەى خانەنشینان کردووە.

  • پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و پشکى دامەزراندن لە بودجەدا جێگیر کراوە.

  • دۆسییەکانى نەوت و داهاتى نانەوتى و ڕێژەى پشکى هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێن.


بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، لە کۆبوونەوەى دیالۆگی نیشتمانی کە ڕۆژی سێشەممە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، بێجگە لە دۆسیەى دەروازە سنوورییەکان، پاکێجى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێت و نەوت و داهاتى نانەوتى و ڕێژەى پشکى هەرێمى کوردستان یەکلادەکرێنەوە.


سروە محەممەد، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەران:

  • نەوت و داهاتى نانەوتیی و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە یەکلانەکراوەتەوە.

  • بڕیارە لە کۆبوونەوەى سێشەممە گفتوگۆى لەسەر بکەن تاوەکو هەولێر و بەغداد بگەنە ڕێککەوتن.

  • کات نەماوە لەبەردەم هەرێمى کوردستان و بەغداد و هیوادارین ڕێککەوتن بکرێت لەسەر بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان مسۆگەر بکرێت.

ناکۆکییەکانی ناو بودجەی 2027

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، بڕیارە لە کۆبوونەوەى ڕۆژى سێشەممە، لە پرسى ڕەشنووسى بودجەى 2027، سێ دۆسییەى سەرەکى لەنێوان حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێت، یەکەمیان بەغداد داواى 445 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لە ڕۆژێکدا دەکات و هەرێمى کوردستانیش باسى 260 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکات، کە جیاوازییەکەیان 185 هەزار بەرمیلە، بەرپرسێکى هەرێمى کوردستان کە نەویست ناوى بهێنرێت، جەختى لەوەکردەوە ئەگەر دى ئێن ئۆى نەرویجى بچێتە ڕێککەوتنى سێ قۆڵى بۆ هەناردەى نەوت، هەرێمى کوردستان بەرهەمهێنانى دەگاتە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت.

دەربارەى دەروازەکانى هەرێمى کوردستان باسى لەوەکرد، دۆخەکە گۆڕاوەو ئەگەر بەغداد بچێتەوە دەروازەکان ئەوا سیستمى ئەسیکۆدا ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و داهاتى باجى گومرگى هەمووی دەچێتەوە بەغداد و دواتر %50 دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەمەش گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.

دەربارەى پشکى هەرێمى کوردستان کە بە لەسەدا 12.7% جێگیر کراوەو هەرێمى کوردستان داواى 14.14% دەکات، جەختى لەوەکردەوە کە شاندى هەرێمى کوردستان پێویستە سووربن لەسەر زیادکردنى ئەو پشکە، لەگەڵیدا داوا بکرێت لە بودجەى سیادى خەرجیی کۆمپانیاکانى نەوت و خەرجیی وەزارەتى پێشمەرگە تەرخان بکرێت.

هەروەها بەغداد دوو تریلیۆن دینارى بۆ شایستەى دارایی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان تەرخان کردووە، بەڵام هەرێمى کوردستان داواى سێ تریلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ شایستەى خانەنشینان کردووە.

هاوکات، پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران جێگیر کراوە و پشکى دامەزراندنى میلاکى نوێ و گرێبەستەکان لە بودجەدا لەسەر بنەماى ڕێژەو پشکى هەرێمى کوردستان کە 12.70% دەبێت یاخود زیاد دەکرێت جێبەجێ دەکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

Loading related news...