خشتەی نوێی دابەشکردنی نەوتی سپی؛ لە هەڵەبجە، شەقڵاوە، پیرمام، کۆیە و تەقتەق نەوت دابەش دەکرێت

دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیانی سلێمانی. فۆتۆ: ئەرشیڤ
دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیانی سلێمانی. فۆتۆ: ئەرشیڤ

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەمڕۆ لە پارێزگاى هەڵەبجە نەوتى سپى دابەش دەکرێت.

  • 95%ـى شارۆچکەى پێنجوێن نەوتى سپیان وەرگرتووە.

  • ڕۆژى یەکشەممە نەوتى سپى لە شەقڵاوە و پیرمام دابەش دەکرێت

  • ڕۆژانى دووشەممە و سێشەممە لە کۆیە و تەقتەق نەوت دابەش دەکرێت


دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژى یەکشەممە لە پارێزگاى هەڵەبجە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و لە هەولێریش لە شەقڵاوە و پیرمام دابەش دەکرێت و دواتر لە کۆیە و تەقتەق.


سەلام عومەر، سەرپەرشتیارى نەوتى سپى لە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، " ڕۆژی یەکشەممە لە شارەدێى بیارە و ناوچەى تەوێڵە نەوتى سپى دابەش دەکرێت و هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتى سپى بە 33 هەزار دینار وەردەگرێت و پێویستە پسوڵەى وەرگرتنى نەوتى پێ بێت".

سەرپەرشتیارى نەوتى سپى لە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى:

  • 95%ـى شارۆچکەى پێنجوێن نەوتى سپیان وەرگرتووە کە نزیکەى 11 هەزار خێزانى تێدایە و نزیکەى یەک ملیۆن و 100 هەزار لیتر دەکات، هاوکات لە شارەدێى ناڵپارێزیش نەوتى سپى دابەش کراوە.

  • بڕیارە پاش تەواوکردنى ناوچە کوێستانییەکانى هەڵەبجە لە شارۆچکەى قەڵادزێ دەست بەدابەشکردنى نەوتى سپى بکرێت.

  • خێراکردنى دابەشکردنى نەوتى سپى پەیوەستە بە گەیشتنى ئەو بڕە نەوتەى ڕۆژانە دەگاتە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە.

هاوکات، بێجگە لە پارێزگاى سلێمانى، لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆکیش نەوتى سپى دابەش دەکرێت، لە پارێزگاى هەولێر رۆژى یەکشەممە لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕۆژى دووشەممە و سێشەممە لە کۆیە و تەقتەق دەست بەدابەشکردنى نەوتى سپى دەکرێت.

بەگوێرەى داتاى وەزارەتى نەوتى عێراق، دابەشکردنی ئەو 50 ملیۆن لیترە بە جۆرێکە:

  • پارێزگاى سلێمانى 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر و ڕۆژانە 216 هەزار لیتر نەوتى سپى پێ دەگات.

  • پارێزگاى هەڵەبجە یەک ملیۆن و 154 هەزار لیترى بەردەکەوێت و ڕۆژانە 36 هەزار لیتر نەوتى سپی پێ دەگات.

  • پارێزگاى هەولێر 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر و ڕۆژانە 180 هەزار لیترى پێدەگات .

  • بۆ پارێزگاى دهۆک 10 ملیۆن و 792 هەزار لیترە و ڕۆژانە 108 هەزار لیترى پێدەگات.

بەگوێرەى داتاى هەرێمى کوردستان، پێداویستیى نەوتى سپى بۆ خێزانەکان 268 ملیۆن و 700 هەزار لیتر نەوتى سپییە ئەگەر هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتى سپى بۆ دابینبکرێت، بەڵام ئەگەر هەر خێزانێک تەنیا 100 لیتر وەربگرێت، ئەوا 134 ملیۆن و 350 هەزار لیتر نەوتى سپى دەکات.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بەغداد 200 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

Loading related news...