
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا: ئەندامانی ئەو لیژنەیەی ئۆجەلان هەماهەنگیکاریەتی دەچنە ئیمراڵی.
لیژنە لاوەکییەکە یەکێکە لەو چوار لیژنەیەی لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی دامەزراوە.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەندامانی لیژنەی لاوەکیی ئاشتی و بەسیاسیکردن کە عەبدوڵا ئۆجەلان، هەماهەنگیکاریەتی، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن.
لیژنە لاوەکییەکە یەکێکە لەو چوار لیژنەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێریی و بەداواچوون کە جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکایەتی دەکات، پێکهێنراوە.
شاندی ئیمراڵیی پارتی دەم دەڵێت، لیژنەکە ناوی لیژنەی ئاشتی و بەسیاسییکردنە بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵات ئەم ناوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و وەک لیژنەی لاوەکیی چەکدانان ناویدەبات.
مەزەندە دەکرێت، جگە لە ئەندامانی سەربە دەسەڵات، دوو کەس لە پارتی دەم، دوو کەس لە ڕێکخستنەکانی ئەوروپای پەکەکە و دوو کەس لە بەرپرسانی پەکەکە لە شاخ، ببنە ئەندامی لیژنەکە.
هاوکات ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، کارەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی لیژنەی چاودێریی لەسەر ئاستی پەرلەمان، کە بەمەبەستی چاودێرییکردنی پرۆسەکە دادەمەزرێت، بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا پێویستە ئەو پارتە سیاسییانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەمان هەیە ناوی ئەندامەکانیان بۆ لیژنەکە تاوەکو 30ـی تشرینی دووەم یەکلایی بکەنەوە و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن. بەڵام پارتی نوێ و ئیی پارتی بەشداریی لە لیژنەکەدا ناکەن و چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا جێگەی ئەندامە بەتاڵەکان پڕبکاتەوە.
