ورد و درشتى هەڵبژاردنەکەى ئیسرائیل؛ بۆ نەتانیاهوو دەنگى عەرەبەکان یەکلاکەرەوەیە

ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانى نەتانیاهوو دەکات
ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانى نەتانیاهوو دەکات

پووختەى هەواڵەکە:

  • کنێست تاکە دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیلە و 120 ئەندامی هەیە.

  • ئیسرائیل بە 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.

  • ئەو پارتانەی دەتوانن بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕن دەچنە کنێستەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، 37 پارت و هاوپەیمانیی ڕکابەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەکەن، پێشبینی دەکرێت 13 پارت لە کنێست کورسی بەدەست بهێنن. پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیران و پارتی "یاشار" کە بۆ یەکەمجار لە ژێر سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالارى پێشوو ڕکابەرى سەرەکین. ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە یەشار دەتوانێت ببێتە گەورەترین پارت لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی لیکود بۆ چەندین ساڵ زاڵ بوو بەسەر دیمەنە سیاسییەکاندا، دەنگى هاوڵاتییە عەرەبەکانى ئیسرائیلیش یەکلاکەرەوەیە.


زانیارییەکان لەبارەى سیستمى هەڵبژاردنى ئیسرائیل:

  • دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیل لە یەک ئەنجوومەن پێکدێت، کە ناوی کنێستە و 120 ئەندامی هەیە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

  • یاسای ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هەڵبژاردنەکان "گشتی، نیشتمانی، ڕاستەوخۆ، یەکسان، نهێنی و ڕێژەیی" بن.

  • پەرلەمان دەکرێت پێشوەختە بە دەنگی زۆرینە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی باوە لە ئیسرائیلدا.

  • لە بارودۆخی تایبەتدا، کنێست دەتوانێت بە دەنگی 80 ئەندام ماوەی کارکردنی لە چوار ساڵ زیاتر درێژ بکاتەوە.

ژمارەى دەنگدەران

  • تەواوی وڵاتەکە بە نزیکەی 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە، یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.

  • لە دوایین هەڵبژاردندا لە تشرینی دووەمی 2022، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە زیاتر لە 70%.

  • دەنگدەران لە ڕێگەی لیستی بەربژێرانی پارتەکانەوە دەنگ بە بەربژێرانى پەرلەمان دەدەن و تەنیا دەتوانێت دەنگ بە یەک لیست بدات.

بڕینى بەربەست

  • دەنگدان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی ڕێژەییە، ژمارەی کورسییەکان بەگوێرەى ڕێژەی سەدی ئەو دەنگانە دابەش دەکرێت کە هەر لیستێک بەدەستی دەهێنێت.

  • هەر لیستێک بتوانێت بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕێت کە بەرامبەر چوار کورسییە، دەچێتە کنێستەوە.

  • بەربەستی 3.25% کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان هەیە، چونکە ئەو دەنگانەی کە دەدرێن بەو لیستانەی ناگەنە ئەو ڕێژەیە، هەژمار ناکرێن.

  • دواتر کورسییەکانی پەرلەمان بەگوێرەى ڕێژەی دەنگە ماوەکان دابەش دەکرێن، بۆ نموونە، ئەگەر پارتێک 20%ـی دەنگە ماوەکان بەدەستبهێنێت، %20ــى کورسییەکانی کنێست مسۆگەر دەکات.

  • بەڵام دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر کورسییەکاندا بە تەواوی و یەکسانی دەرناچێت، بەڵکو بڕێک دەنگی زیادە و کورسی دابەشنەکراو دەمێننەوە.

  • پارتەکان دەتوانن ڕێککەوتن بکەن بۆ ئەوەی دەنگە زیادەکانیان کۆبکەنەوە تاوەکو بڕێک لەو کورسییە دابەشنەکراوانە مسۆگەر بکەن.

پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانى

ژمارەی زۆری پارتەکان وا دەکات تەنیا یەک پارت بە سەربەخۆیی نەتوانێت زۆرینەی ڕەهای 61 کورسی کنێست بەدەستبهێنێت کە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە، هەربۆیە کاتێک دەنگەکان دەژمێردرێن، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دەستپێدەکەن.

سەرۆکی وڵات کە ئێستا ئیسحاق هێرزۆگە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارە لە ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەو لیستەی زۆرترین چانسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە، بەگوێرەى ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن پارتەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

بانگەشەیەکى گەرموگوڕ بەڕێوەچوو

دیارترین ڕکابەرەکانی نەتەنیاهوو

گادی ئایزنکۆت

گادی ئایزنکۆت، تەمەن 66 ساڵ، کوڕی کۆچبەرانی مەغریبە و سوپاسالارى پێشووە، بە ڕکابەری سەرەکی نەتەنیاهوو دادەنرێت و ڕاپرسییەکانیش ئاماژە بە نزیکی ڕێژەی دەنگەکانیان دەکەن و لە هەندێکیشیاندا پێش نەتەنیاهوو کەوتووە.

ئەگەرچی ئایزنکۆت ئەزموونی سیاسی ڕکابەرەکەی نییە، بەڵام دوای لەدەستدانی کوڕەکەی و دوو لە برازاکانی لە شەڕی غەززەدا، هاوسۆزیی جەماوەری بەدەستهێناوە.

ئایزنکۆت بە میانڕەوی بەرەو ڕاستڕەو هەژمار دەکرێت، هەندێک هەڵوێستی ڕاگەیاندووە دەربارەی ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین کە درێژەپێدەری سیاسەتی حکومەتی ئێستایە، بۆ نموونە، ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە لە ماوەی 18 مانگدا لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا.

لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ ئۆردوگا جوونشینەکان لە کەناری ڕۆژئاوا دەربڕیوە، بەڵام بەڵێنی داوە ڕێگری لەو نیشتەجێبووانە بکات کە پەلاماری فەڵەستینییەکانیان دەدەن.

ئایزنکۆت لە ساڵی 2024 لە کابینەی جەنگی نەتەنیاهوو دەستی کێشایەوە و بووە یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی شێوازی سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران.

لە ساڵی 2025ـدا پارتەکەی خۆی بە ناوی "یاشار" دامەزراند و ئەگەر سەرکەوتووبێت لە کۆکردنەوەی 61 کورسیی پەرلەمان لە دەوری خۆی، دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیران کە ڕەچەڵەکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان باکووری ئەفریقا بگەڕێتەوە.

گادی ئایزنکۆت ڕکابەرە سەرەکییەکەى نەتانیاهوو

نەفتالی بێنێت

بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل تەمەن 54 ساڵ، کە حکومەتەکەی تەنیا ساڵێکی خایاند، سەرکردایەتی پارتی "بەیاخاد"ـی میانڕەوی ڕاستڕەو دەکات کە لە پلەی سێیەمی ڕاپرسییەکاندایە لە دوای ئایزنکۆت و نەتەنیاهوو.

شیکەرەوانی ئیسرائیلی بۆچوونیان وایە ئەو دەتوانێت سەرنجی ئەو دەنگدەرە ڕاستڕەوانە ڕابکێشێت کە لە نەتەنیاهوو بێئومێد بوون، بەڵام نایانەوێت روو لە چەپڕەوەکان بکەن.

سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی، بێنێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریپێکردنی نەتەنیاهوو، لە حکومەتێکی هاوپەیمانیدا کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە سەرکردایەتی بکرێت.

یائیر لاپید

لاپیدی تەمەن 62 ساڵ، ساڵانێک پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دیاری وڵاتەکەی بوو، دوای دامەزراندنی پارتی میانڕەوی "یێش عەتید" لە ساڵی 2012ـدا، بە خێرایی بووە یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکانی نەتەنیاهوو.

لاپید وەکو وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوە کاری کردووە و لە ساڵی 2022ـدا بۆ ماوەیەکی کورت وەکو سەرۆکوەزیران لە ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ بێنێت کاری کردووە کە ئێستاش لەگەڵیدا هاوپەیمانە.

ئەڤیگدۆر لیبەرمان

ئەڤیگدۆر لیبەرمان لە ساڵی 1958 لە مۆڵدۆڤای سۆڤیەت لەدایکبووە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆچی بۆ ئیسرائیل کردووە و کەسایەتییەکی دێرینی گۆڕەپانی سیاسییە، تێڕوانینێکی نەتەوەیی توندی بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەیە لە کاتێکدا عەلمانییەکی سەرسەختە.

لیبەرمان دامەزرێنەری پارتی" یسرائیل بەیتەینو"ـە، ئەو پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی نەتەنیاهوو بوو، بەڵام ئێستا بە بەردەوامی ڕەخنەی لێدەگرێت.

لیبەرمان یەکێکە لەو کەمینە سیاسییانەی کە سەرکردایەتیی سێ لە وەزارەتە سەرەکییەکانی ئیسرائیلی کردووە، دەرەوە، بەرگری و دارایی.

مەنسور عەباس

مەنسور عەباس، سەرکردەی پارتی عەرەبی-ئیسرائیلی، هەوڵدەدات کۆمەڵگەکەی کارا بکاتەوە کە 20٪ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن، بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی نەتەنیاهوو بۆ دەسەڵات.

پارتی "ڕەعام"ـی عەباس، لە ساڵی 2021ـدا، بووە یەکەم پارتی عەرەبی کە بەشداری لە حکومەتێکی ئیسرائیلدا بکات و دەکرێت دووبارە ببێتەوە بە کلیلێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕازی بێت پشت بە پەرلەمانتارەکانی ببەستێت بۆ لادانی نەتەنیاهوو.

یائیر گۆلان

گۆلانی لیبراڵ، دوای ساڵانێک لە ڕۆیشتنی ئیسرائیل بەرەو ڕاستڕەوی، پارتی "دیموکراتەکان"ـی گۆلان نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە لە چەپی سەرەکی ماوەتەوە، لەنێویاندا پاشماوەی پارتی کار، کە بەبێ پچڕان لە سێ دەیەی یەکەمی دامەزراندنی وڵاتەکەدا، سەرکردایەتی ئیسرائیلی کرد.

گۆلان تاقە سەرکردەی سەرەکی سیاسی ئیسرائیلە کە بە روونی پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا دەکات.

هەروەها لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لیبراڵە و داوای ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان و کارکردنی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆژی شەممەدا دەکات.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دوو ڕۆژ پێش دەنگدان؛ هەزاران ئیسرائیلی داوای لێپێچینەوە لە نەتانیاهوو دەکەن

ڕۆژى سێشەممە 26هەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانیی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت

شێوە عومەر

Tue Oct 27 2026

Loading related news...