عەلی باباجان: سلێمانی بازاڕێکی زیندووی هەیە

پووختەى دیمانە

  • عەلی باباجان یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانى تورکیا و وەکو خۆى دەڵێت خۆیان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ئامادە دەکەن

  • عەلی باباجان، پشتیوانیی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکات و دەیەوێت سەربکەوێت

  • عەلی باباجان، هەرێمی کوردستان بە پشتیوانێکى گەورەی پڕۆسەی ئاشتی دەزانێت.


عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا دەڵێت، هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی گەورەی لە پرۆسەی ئاشتی کردووە و ئاماژە بەوەشدەکات، دەکرێت پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و بازرگانییەکانی نێوان ئەنقەرە و سلێمانی بەهێزتر بکرێن.

باباجان لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ کەناڵ8 باسی لە پرۆسەی ئاشتی، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی، دۆخی سلێمانی و جەنگی ئێران و ئەمریکا کرد. دەشڵێت، سلێمانی لە گەشەی ئابوورییدایە و پەیوەندیییەکانی ئەنقەرە و سلێمانیش ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبن.


سەرۆکی پارتی دەڤا ئاماژە بەوە دەکات، پارتەکەی پشتیوانیی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکات و لەبارەی قەیرانی بازاڕە داراییەکانیش باس لەوە دەکات، ئەگەر حکومەت بە باشیی دۆسیەکە بەڕێوەببات، دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.


کەناڵ8: ئەمڕۆ دیدار لەگەڵ بەڕێز عەلی باباجان دەکەین، کە سەرۆکی پارتی دەڤایە و پێشتریش، وەزیری ئابووری و دەرەوەی تورکیا بووە، بەڕێز باباجان زۆر بەخێرهاتی بۆ پرۆگرامەکەمان، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.


عەلی باباجان: زۆر سوپاستان دەکەم.

کەناڵ8: لە پرسە ناوخۆییەکانی تورکیاوە دەستپێدەکەین، لە سەردەمی بەڕێزتان بەهای لیرە سەقامگیرکرا و چاکسازیی ئابووری کرا، بەڵام ئێستا بەهای لیرە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و کێشەی هەڵاوسانیش وەک خۆی بەردەوامە. ئەمە بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابوورییەیە کە پەیڕەو دەکرێت یان پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکەوە هەیە؟

عەلی باباجان: تورکیا خاوەن گەورەترین و زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی گەنجە لە ئەورووپا، لەڕووی ڕووبەری کشتوکاڵیشەوە گەورەترینە لەسەر ئاستی ئەورووپا، لە هەمان کاتدا خاوەنی ژێرخانێکی پیشەسازیی فراوانین، لە گەشتیاریدا لە پلەی چوارەمی جیهانداین. هێڵی فڕۆکەوانیی تورکیش خاوەنی زۆرترین گەشتە بۆ وڵاتانی جیهان. بۆچی ئەمانە باس دەکەم؟ تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی ڕوون و دیاریکراوی ئابووری، ئابوورییەکی ئاوا گەورە، وای لێچاوەڕوان دەکرێت کەمتر بکەوێتە ژێر کاریگرییە ڕۆژانەکان. لەلایەکی دیکەوە، ڕاستە دوو مانگە لە بازاڕە داراییەکان کێشەیەک سەریهەڵداوە، ئەمە زیاتر لەوەی ناسەقامگیرییەکی گشتی بێت، پرسی فریودانە، واتە لە بازاڕە داراییەکاندا تاوان کراوە.

بۆیە ئێستا پڕۆسەیەک لەئارادایە بۆ ئەوەی بزانرێت کێ ئەم فریودانەی کردووە و کاریگەری لەسەر کێ هەبووە؟ بێگومان ئەمە بووەتەهۆی کەمبوونەوەی متمانە لە بازاڕە داراییەکاندا، بەڵام ئەگەر بە دروستی کار لەسەر دۆسیەکە بکرێت و حکومەت بڕیاری دروست بدات، تورکیا دەتوانێت بە ئاسانی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ ببێت، واتە پرسەکە پەیوەندی بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکەوە هەیە. ئەگەرنا تورکیا بە گەورەییە ئابوورییەکەیەوە، دەتوانێت ئەم فریودانانە چارەسەر بکات، واتە حکومەت بە دروستی کار بکات، دەتوانێت لە چەند مانگێکدا چارەسەری بکات، بە خراپیش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆ ماوەیەکی دیکەش بەردەوام دەبێت.

کەناڵ8: ئەگەر دۆسیەی ئابووری ڕادەستی بەڕێزتان بکرێت ئامادەی قبوڵی بکەیت و تورکیا لەم قەیرانانە ڕزگار بکەیت؟


عەلی باباجان: بێگومان ئابووری کەرتێکی سەربەخۆ نییە، ئابووریی لەسەر زەمینەیەکە کە پێویستە سەقامگیر و متمانەدەر بێت و سەروەریی یاسا هەبێت، پێویستە دامەزراوەکان قورسایی و بەهادارییان هەبێت، ئابووری لەسەر ئەو زەمینەیە دەتوانێت کار بکات و بەردەوام بێت. هەر بۆیە ئێمە ئێستا وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەین و تەنیا نامانەوێت ئابووری بەڕێوەببەین، بەڵکو دەمانەوێت خۆمان بۆ بەدەستەوەگرتنی بەڕێوەبردنی تەواوی وڵات ئامادە بکەین.

کەناڵ8: ئەمانە پرسی تورکیا بوون و دەمانەوێت بێینە سەر پرسی دیکە، لەوانەش پڕۆسەی ئاشتی. ئەم پڕۆسەیە پێشتر تاقیکراوەتەوە و ئەو کاتەش بەڕێزتان لەنێو پرسەکاندا بوون، بە بۆچوونی ئێوە پڕۆسەی ئەمجارە گەیشتووەتە قۆناغێکی سەرکەوتوو یان هێشتا مەترسیی لەبەردەمدایە و گرەنتی نییە؟

عەلی باباجان: ئێمە باس لە کێشەیەک دەکەین کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە، ئەویش کێشەی تووندوتیژی و تیرۆرە، ناکرێت کێشەیەکی 40 ساڵە لە 40 ڕۆژدا چارەسەر بکرێت و بێگومان کاتی دەوێت. ئەگەر تەماشای پڕۆسەکە بکەین لە سەرەتاکەیەوە تاوەکو ئێستا؛ ئێمە بە گرنگییەوە تەماشای هەوڵەکانی پرۆسەکە دەکەین و سەرەڕای ئەوەی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنین، لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا پشتیوانیی پڕۆسەکەمان کردووە و پشتیوانیی دەکەین، بەراورد بە پڕۆسەکانی ڕابردوو، لە ژینگەیەکی جیاوازترداین، چونکە بە تێپەڕینی کات، تورکیا، ناوچەکە و جیهانیش گۆڕاوە. لەم تورکیا و ناوچە گۆڕاوەدا، ئیدی نابێت کەسانێک لە دەرەوەی دەوڵەتدا بمێننەوە، واتا نابێت گرووپە چەکدارەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان بمێننەوە، ئەمە تەنیا بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئەمە دەڵێم. وڵاتانی ناوچەکە بە یەکدەستییەوە، دەوڵەتانی ناوچەکە بە هەماهەنگییەوە، دەتوانن قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی بە بوونی ئەم گرووپانە بهێنن و ئێمەش ئەم کارە بە بەهادار و گرنگ تەماشا دەکەین.

ناکرێت کێشەیەکی 40 ساڵە لە 40 ڕۆژدا چارەسەر بکرێت و بێگومان کاتی دەوێت

واتە دەمانەوێت پڕۆسەکە سەربگرێت. بێگومان مەترسیی لەبەردەمدایە، دەکرێت کێشە سەرهەڵبدات، بەڵام بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەربگرێت، ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین. ئەگەر تورکیا بتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و ئەم پڕۆسەیە سەربخات، دەبێتە نیگابەخش بۆ هەموو ناوچەکە، چونکە ئەو کاتە وڵاتانی ناوچەکە دەڵێن: تورکیا کێشەیەکی 40 ساڵەی چارەسەر کردبێت، بۆچی ئێمە نەتوانین چارەسەری بکەین؟ بۆیە بۆچوونم وایە سەرکەوتنی پڕۆسەکە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت.


کەناڵ8: ئەگەر پرۆسەکە سەربگرێت، بەگوێرەی یاسای پڕۆسەکە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پەکەکە و ئەو کەسانەی تورکیایان بەجێهێشتووە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا. ئایا ئەم کەسانە دەتوانن تێکەڵ بە ژیانی ئاسایی ببنەوە و دامەزرێنرێن، لە کاتێکدا تورکیا خۆی کێشەی بێکاری هەیە؟


عەلی باباجان: وەک دەزانرێت پەرلەمان یاسای چوارچێوەی دەرکرد و یاسای پڕۆسەکە لە کۆی 600 پەرلەمانتار، بە دەنگی 467 ئەندام پەرلەمان دەرکرا، واتا یاساکە بە ڕێژەیەک دەنگ پەسەندکرا، واتا یاساکە بە پشتیوانییەک دەرکرا، کە لە مێژووی نزیکماندا نەبینراو بوو، ئەم یاسایە چی دەڵێت؟ دەڵێت پێویستە سەرەتا پەکەکە ئەو چەکانەی هەیەتی دایانبنێت و ئەو جێگایانەی لەژێر دەستیدایە بەجێیانبهێڵێت، هاوکات پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەم چەکدانان و کشانەوەیە دەستنیشان بکەن و پشتڕاستی بکەنەوە، ئێستا لەو قۆناغەداین. پاش ئەم قۆناغە کە چەکدانان و خۆهەڵوەشانەوەیە، دووەم بەشی یاساکە دەستپێدەکات، کە بریتییە لە قۆناغی ئاساییبوونەوە و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە. وەک دەزانن ئەندامانی پەکەکە بەش بەش پۆلێن دەکرێن و بۆ هەر گرووپ و بەشێک ڕێگەچارەی جیاواز پەیڕەودەکرێت.

وەک لە نموونەی ئەم جۆرە پرۆسانەدا دەیبینین، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەندامانی ئەم جۆرە گرووپانە کاتێک کۆتایی بە گرووپەکانیان دێت، خۆیان چی دەکەن؟ هەر بۆیە دەبێت دەرگای جیاواز بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئامادە بکرێت. واتە تەنیا یەک ڕێگەچارە نییە و بەگوێرەی ئەندامەکان، دەرگا و ڕێگەچارەی جیاواز دەکرێتەوە، بەڵام وەک گوتم ئەمە بۆ قۆناغی دووەمە و ئێمە هێشتا لە قۆناغی یەکەمداین و بەهیواین ئەم قۆناغە بە زووترین کات کۆتایی بێت.

کەناڵ8: وەک دەزانن ڕێوڕەسمی چەکسووتاندنی پەکەکە لە سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئێوە چۆن ڕۆڵی سلێمانی و هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی پڕۆسەکەدا هەڵدەسەنگێنن؟

عەلی باباجان: وەک گوتم ئەم پڕۆسەیەی کە ئێمە پێیدەڵێین پڕۆسەی ئاشتی، پڕۆسەیەکە تەنیا تورکیا بەڕێوەی نابات، بەڵکو بە هەماهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەدەبرێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانییەکی گرنگمان بۆ پرۆسەکە وەرگرتووە. هەم لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و هەم لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پشتیوانییمان وەرگرتووە. سوپاسیان دەکەین کە ئەوەی لە دەستیانبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە کردوویانە و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگ و بەهادارە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانییەکی گرنگمان بۆ پرۆسەکە وەرگرتووە



کەناڵ8: تورکیا و سلێمانی چۆن دەتوانن پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن و هەردوولا سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرن کە لەم ناوچەیەدا هەیە؟

عەلی باباجان: لە ڕاستیدا لە چەند مانگی ڕابردوو، چڕبوونەوەی گفتوگۆکان لەنێوان ئەنقەرە و سلێمانیدا دەبینین و قۆناغ بە قۆناغ پەیوەندییەکان باشتر دەبن، ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە. بێگومان زۆر ئاسایی و سروشتییە کە پاش باشبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان، پەیوەندییە ئابووییەکانیش باش ببن. بێگومان کەرتی تایبەت یاسا، ئاشتی و سەقامگیریی پێویستە و پێویستە ئەمانە بێنە ئارا. ڕێککەوتن لەبارەی گواستنەوە و وزە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بێگومان لەگەڵ ئەمەشدا باشیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەڕووی گواستنەوە، سیاسی و ئابووریی گرنگە، هەر بۆیە تورکیا پشتیوانیی لە ڕێگەی گەشەپێدان دەکات، کە پڕۆژەیەکە لە بەسڕەوە تاوەکو تورکیا درێژدەبێتەوە، سەرەتا ڕێگەی وشکانییە و دواتر دەبێتە هێڵی ئاسن و وزە و سوودی بۆ هەموو لایەک دەبێت.

پڕۆژەکە بۆ شکست و سەرکەوتنی لایەک نییە و هەمووان سوودی لێدەبینن. نابێت هەرێمی کوردستان بخرێتە دەرەوەی پڕۆژەکە و پێویستە بخرێتە نێو پڕۆژەکە، چونکە شارەکان چەند زیاتر بەیەکەوە بەسترابن و ناوچەکان و وڵاتان چەند ئاسانتر بگەنە یەکتر، ئابووری هێندە زیاتر گەشە دەکات.


کەناڵ8: سەردانی بازاڕی سلێمانی و مزگەوتی گەورەتان کرد، بەڕێزتان بەڕێوەبردنی بەڕێزان بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی چۆن دەبینن؟


عەلی باباجان: ناوەندی بازاڕی سلێمانیم بە زیندوویی بینی، واتە ئەگەر خەڵک بچنە بازاڕ و بەو ئاستە بەرزە کڕین و فرۆشتن بکەن ئەوە پیشانی دەدات دڵی ئابووری لێدەدات. بێگومان سەرچاوە سروشتییەکان نەوت یان غازی سروشتی بن گرنگە، بەڵام بە دابەشبوون و بڵاوبوونەوەی گەشەکردنی ئابووری لەنێو خەڵکدا، دەکرێت پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاریش گەشە بکەن، هەر بۆیە ئێمە باس لە ئابوورییەکی فرەسەرچاوە دەکەین، واتە ئابووری نابێت تەنیا لەسەر یەک کەرت بووەستێت و پێویستی بە فرەکەرتیی هەیە و ئابووریی سەقامگیرتر دەکات، خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین دەکات و دابەشبوونی داهات ڕێکخراوتر دەکات.

بۆیە ئەوەی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە پێویستە بکرێت، ئەوەیە زەمینەی ئابووری گشتگیر بکرێت، چونکە ئابوورییەک لەسەر یەک پایە بێت ناهاوسەنگ دەبێت، بەڵام ئەگەر لەسەر چەند پایە و بناغەیەکی جیاواز بێت، بەهێزتر دەبێت و پێویستە ئامانجی داهاتوومان ئەوە بێت.

ئەوەی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە پێویستە بکرێت، ئەوەیە زەمینەی ئابووری گشتگیر بکرێت


کەناڵ8: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەچەند پێشهاتێکی نوێدا تێدەپەڕێت، بە گشتیی هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە و پێویستە چۆن مامەڵە گرژییەکان بکرێت؟

عەلی باباجان: یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە کێشە هەیە و پێویستە ئەم کێشانە بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. ئەمە پرسی ژمارە یەکە. شار، ناوچە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکن کە تێیدا جیاوازەکان پێکەوە دەژین. واتە ناوچەیەکن کە تێیدا کولتوور، ئیتنیک ئایین و مەزهەبە جیاوزەکان پێکەوە دەژی. جیاکاری و شەڕکردن لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییانە ڕێگە و ڕێبازێکە، بینینی جیاوازییەکان وەک دەوڵەمەندییەک و ڕەخساندنی بارودۆخێک کە جیاوازییەکان لەژێر چەتری بەها و بنەما هاوبەشەکان بە خۆشگوزەرانیی کۆبکرێنەوە ڕێبازێکی دیکەیە و ئێمەش هەمیشە لەگەڵ ڕێگەی دووەمداین. بۆیە پێویستە جیاوازییەکان وەک خاڵی دابەشبوون نەبینین، ڕێک بەپێچەوانەوە پێویستە ئامانجمان هێنانەئارای ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست بێت کە جیاوازییەکان لە دەوری بنەما و بەها هاوبەشەکان کۆببنەوە و لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین.

هاوکات زۆر گرنگە دانیشتووانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمە ئابوورییەکان و سەرمایە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بە سەربەستی هاتووچۆ بکەن، چونکە چەند سەربەستیی هاتووچۆ و جووڵە هەبێت، ئابووریش هێندە زیاتر گەشەدەکات. بیر لە دوو وڵات بکەنەوە کە لە تەنیشت یەکتردان و قورسایی ئابوورییەکەیان 100 پلەیە، دیوارێک لەنێوانیاندایە و کاتێک ئەو دیوارە لادەبەیت، ئەو دوو وڵاتە بەیەک دەگەن و پێکەوە کار دەکەن، ئەو کاتە 100 کۆی 100 دەکاتە 300 و تەنانەت 400ـیش، ئەمە بۆ ئابووری لە هەرکوێی جیهان بێت هەمان شتە. ئامانج و خەیاڵی ئێمە جوگرافیایەکە کە تێیدا سنوورەکان بێمانا بکرێن و تەنیا سنوورێکی ئیداریی هەبێت. لەو جوگرافیایەدا تورک، کورد، عەرەب و ئێرانییەکان پێکەوەبژین و بەبێ دەستوەردانی دەرەکی خۆیان بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئامانجی ئێمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لەو جۆرەیە.


کەناڵ8: هەمووان لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندان، بە بۆچوونی ئێوە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن یان دۆخێکی سەختتر ڕوودەدات؟

عەلی باباجان: ئێمە هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆ و ڕێککەوتنداین. ئەم جەنگە جەنگێکی نایاسایی و بێئامانجە و پەلاماری ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەم جەنگە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و بەپێچەوانەوە کێشەی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەر بۆیە نابێت لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا شەپۆلی دیکەی جەنگەکە دەستپێبکات. ئێران دراوسێی هاوبەشی تورکیا، هەرێمی کوردستان و عێراقە و پێویستە دروسێکان کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، نەک لایەنی دیکە لە دوورەوە بێن کە زیان لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە بدەن و ئێمەش جەنگێک پەسەند بکەین کە بێمانایە، ئامانجی نییە و نازانرێت بەرەو کوێ دەچێت. دەکرێت ڕێگریی لەم جەنگە بکرێت، ڕێگەچارەش گفتوگۆ و سیاسەت و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانە. نموونەشمان هەیە کە گفتوگۆکانی ئێران و لایەنەکانی دیکە بوو لە 2006، کە بە بەشداریی تورکیا کران و گەیشتە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران. ڕاستە دانوستانەکان زۆریان خایاند، بەڵام بینیمان تاوەکو ئەو کاتەی پرۆسەی دانوستانی سەرمێز هەبوو، جەنگ ڕووینەدا. دانووستانەکان کۆتاییهات و ڕێککەوتن کرا، لەو ماوەیەی ڕێککەوتنەکەش جێبەجێکرا جەنگ ڕووینەدا.

ئێمە هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆ و ڕێککەوتنداین

بیر لەو ماوەیە بکەرەوە لە 2006 تاوەکو 2026؛ واتە دانوستان و گفتوگۆی سیاسیی جەنگی بۆ ماوەی 20 ساڵ دواخست، ئەمە گرنگ و بەهادارە، بەڵام کاتێک لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی ترەمپدا ڕێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە، بە هاندانی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو ئەم جەنگە سەریهەڵدا، خواست و ئامانجی ئێمە کۆتاییهاتنی دەستبەجێی ئەم جەنگەیە. پێویستە کێشەکان بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی ببەسترێنەوە و چارەسەر بکرێن نەک ئاگربەستی کاتی.


کەناڵ8: سوپاس بۆ بەڕێز عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا.


عەلی باباجان: من سوپاسی ئێوە دەکەم.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

میدیای تورکیا: ڕۆژنامەوانان و ئەکادیمیستان سەردانی ئیمراڵییان کردووە

Loading related news...