
ڕۆژنامەیەکی تورکیا زانیاریی نوێ لە بارەی پڕۆسەی چارەسەری و نیازی دەسەڵاتی تورکیا لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
ژمارەیەک بەندکراو بۆ لای ئۆجەلان گوازراونەتەوە.
میت بەڵێنی داوە یاسایەکی نوێ بۆ ئەو کەسانە دەربکرێت کە ناتوانن بگەڕێنەوە.
ئەنقەرە ژمارەیەک بەڵێنی بە کورد داوە و جێبەجێکردنیانی بۆ دوای هەڵبژاردن دواخستووە.
ڕۆژنامەی نەفەسی تورکی ئاماژە بەوە دەکات، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، زانیاری لە بارەی قۆناغەکانی پڕۆسەی چارەسەریی بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە، پاش تەواوبوونی پرۆسەی چەکدانان، چۆڵکردنی سەرجەم کۆگاکانی چەک لە ئەشکەوتەکان، پشتڕاستکردنەوەی بابەتەکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، قۆناغی دووەمی یاسای چوارچێوە جێبەجێ دەکرێت.
ئیبراهیم کاڵن بەڵێنی هەنگاونانی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسی کورد و بە دیموکراسیبوون لە قۆناغی دووەمدا داوە.
ئەگەر بێت و پڕۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو تەواو ببێت، ئەوا ڕەنگە یاسایەکی نوێی پاشکۆ بۆ یاسای چوارچێوە دەربکرێت.
ئەمەش ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە لە یاسای چوارچێوە ڕازی نین و وەک لێبوردنێکی گشتگیرتر تەماشا دەکرێت.
ئەگەرچی سەرۆکی میت وشەی لێبووردنی بەکارنەهێناوە، بەڵام یاساکە وەک دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە بۆ تورکیا لێکدەدرێتەوە کە دەکەونە دەرەوەی یاسای چوارچێوە.
چاودێران باوەڕیانوایە ئەم کارە تەنیا دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان دەکرێت و بەو شێوەیە لێکدرایەوە پەیامێک لە خۆدەگرێت سەبارەت بەوەی ئەگەر بێت و کورد لە هەڵبژاردندا پشتگیرییان بکات، ئەوا دواتر دەتوانن ئەم کارە ئەنجامبدەن.
ئەو کەسانەی ئێستا یاسای چوارچێوە نایانگرێتەوە، 900 کەسن، لەو ژمارەیە نزیکەی 500 کەسیان لە گرتووخانەکاندان، نزیکەی 300 کەسیان لە قەندیلن و 100 کەسیشیان لە وڵاتانی ئەورووپان.
ڕۆژنامە تورکییەکە باسی لەوەکردووە، سەرەڕای ئەوەی پەکەکە ڕایگەیاندووە، 10 ئەشکەوتی لە نزیک سنووری تورکیا چۆڵکردووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کۆگا سەرەکییەکانی چەک لە ناوچەکانی گارە و خواکوڕکن لە هەرێمی کوردستان و تورکیا گرنگییەکی زیاتر بە ڕادەستکردنی ئەو ناوچەیە دەدات، جەخت لەوەشکراوەتەوە ڕاپۆرتی پەیوەست بە تەواوبوونی پڕۆسەکە تەنیا دوای ڕادەستکردن و پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە چەک، دێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان چووەتە شوێنی کارکردنی نوێی خۆی لە خانووە نوێیەکەدا لە چوارچێوەی لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و بە سیاسییکردن دەستی بەکارکردن کردووە و ژمارەیەک بەندکراوی نوێ بۆ لای ئۆجەلان بۆ دوورگەکە گوازراونەتەوە تاوەکو لە کارەکانیدا هاوکاریی بکەن.
ڕۆژنامە تورکییەکە دەڵێت، تیمێک لە ڕۆژنامەوانان، سیاسەتمەداران و ئەکادیمیستانیش سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و ناوەڕۆکی بابەتەکە بۆ ڕایگشتیی ئاشکرا نەکراوە.
میدیای تورکیا: 80 هەزار دۆسییەی ئەندامانی پەکەکە ڕادەستی وەزارەتی داد کران
