ڕووسیا بەشداریی ئەورووپا لە دانوستانەکانی ئۆکرانیا ڕەتدەکاتەوە و برۆکسلیش هۆشداری دەدات

ئاڵای ڕووسیا و ئەمریکا و ئۆکرانیا لە یەکێک لە دانوستانەکانی ئاشتی
ئاڵای ڕووسیا و ئەمریکا و ئۆکرانیا لە یەکێک لە دانوستانەکانی ئاشتی

پووختەی هەواڵەکە

  • ڕووسیا ڕەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی ئەورووپا لە دانووستانەکانی شەڕی ئۆکرانیا پیشان نەداوە.

  • کۆمیسیۆنی ئەورووپا: دیاریکردنی نوێنەری ئەورووپا بۆ دانووستانەکان کاری ڕووسیا نییە.


ئەمڕۆ ڕووسیا ڕایگەیاند، هێشتا ڕەزامەندیی پیشان نەداوە لەسەر بەشداریکردنی وڵاتانی ئەورووپا لەو دانووستانانەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەڕێوەدەچن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جارید کوشنەر، نێردەی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئەورووپا لە گەڕی داهاتووی گفتوگۆکاندا بەشدار دەبێت.


کێشەی ئۆکرانیا

لە میانی ئەو دانووستانانەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوون، نێردەکانی ئەورووپا بە جیا لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا کۆبوونەوە، بەڵام بەشدارییان لە کۆبوونەوە سەرەکییەکانی نێوان شاندەکانی کیێڤ و مۆسکۆدا نەکرد کە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچوون.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێردەکانی ئەمریکا، زێلێنسکی ڕایگەیاند، ئەورووپییەکان لە دانوستانەکانی داهاتوودا بەشدار دەبن، هاوکات جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنی ئاشتی بەبێ ئامادەبوونی ئەورووپییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ ناگاتە ئەنجام.

بەڵام کۆشکی کریملن ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا لەسەر ئەم بابەتە ڕێکنەکەوتوون.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند:

  • کاتێک لە نیازە ڕاستەقینەکانیان و ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتیدا تێگەیشتین، ئەو کاتە دەتوانین بڕیار لەسەر ئەنجامدانی دانووستان لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا بدەین.

  • ئەگەر ئەورووپییەکان بە ڕاستی کەسێکیان هەبێت کە لانیکەم بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی گفتوگۆکردنی پێدرابێت و ئەگەر بە ڕاستی خواستی ئەو کارەیان هەبێت، ئەوا بێگومان ئێمە ئامادە دەبین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین.

هەر ئەمڕۆ کایا کالاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشداریی دا، کە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ نوێنەرایەتیی ئەورووپا دەکات، لە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بەرپرسیارێتیی ڕووسیا نییە.

لای خۆیەوە، ڤیلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی دانووستانکاری ڕووسیا لە ئەبوزەبی، دوای کۆتا کۆبوونەوەی سێقۆڵی ڕایگەیاند، مۆسکۆ هیچ دەستپێشخەرییەکی ئاشتی یان هیچ پێشنیازێکی کۆنکرێتیی ئاشتیی لە وڵاتانی ئەورووپاوە پێنەگەیشتووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوون نییە لەسەر چ بابەتێک لەگەڵ ئەورووپادا گفتوگۆ بکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی دەستیپێکرد

شێوە عومەر

Fri Nov 13 2026

Loading related news...