سوید لەبارەى ڕەگەزنامەوە ڕێکارى نوێ دەگرێتەبەر

پووختەى هەواڵ

  • حکومەتی سوید دەتوانێت ڕەگەزنامە لەو کەسانە وەربگرێتەوە کە بە زانیاریی ناڕاست وەریانگرتووە

  • سوید هەمواری دەستووریی کرد و ڕێگە بە وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە لەو کەسانە دەدات کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن.


دوێنێ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەم، پەرلەمانی سوید ڕەزامەندی دا لەسەر گۆڕانکاریی دەستووری کە ڕێگە بە هەڵوەشاندنەوە و لێوەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە(پاسپۆرت) لەو کەسانە دەدات کە هەڵگری زیاتر لە ڕەگەزنامەیەکن و بە ڕێگەی نایاسایی لەسەر بنەمای زانیاریی ناڕاست بەدەستیان هێناوە یان بە تاوانێک تۆمەتبار دەکرێن کە هەڕەشە لە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەکات.


ڕێکارەکانى سوید

  • گۆڕانکارییەکە بە زۆرینەی دەنگی 292 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 51 دەنگی نەخێر تێپەڕێنرا.

  • بەهۆی یەکلانەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێویستە حکومەتی داهاتوو پرۆژەیاسایەک بۆ جێبەجێکردنی پێشکەش بکات.

  • حکومەتی ناوەندی ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتیی ئۆلف کریسترسن و بە پشتیوانیی حیزبی " دیموکراتی سوید"ـی دژە کۆچبەران، توانی ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە تێپەڕێنێت.

  • کریسترسن لە ئێستادا سەرۆکایەتیی حکومەتێكی کاربەڕێکەر دەکات و ناتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەش بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی 13ـی ئەیلوول، حیزبە سەرکەوتووەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

  • لەبەرئەوە حکومەتی داهاتوو بڕیار دەدات لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە، ئەوەش لە ڕێگەی دیاریکردنی ئەو تاوانانەی کە دەبنە هۆی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە.

ئەو هەنگاوەی حکومەت و پەرلەمانی سوید، ڕەخنەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە، عایدە سامانی، گەورە ڕاوێژکاریی ڕێکخراوی" بەرگریکاران لە مافە مەدەنییەکان" لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت "ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە دەبێتە هۆی دروستکردنی دوو جۆرە پاسپۆرتی سویدی، یەکیان بە هێزە و ئەوەی دیکەیان لاواز و مەرجدارە".

کەناڵ8

Thu Nov 12 2026

Loading related news...