
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا، لە دیبەیتی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نیویۆرک، لەپاڵ شانازی کردن بەو دەستکەوتانەی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بەدەستی هێناوە، لەبارەی جەنگەکەی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، یان دەبێت لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکات یاخود لەناوی ببات.
سەرۆکی ئەمریکا گوتارەکەی بە باسکردنی ئەو پرسانە دەستپێکرد کە بە دەستکەوتی خۆی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دایدەنێت.
ترەمپ گوتی:"ئێمە سەردەمێکی تاریکی ئەمریکامان لە ئیدارەی پێشووەوە بە میرات بۆ مایەوە و کردمان بە سەردەمی زێڕینی ئەمریکا"، لە هەمانکاتدا ترەمپ شانازیی بە تۆماری خۆیەوە کرد لە بوارەکانی ئابووری، کۆچ و تاوانکاری.
لەبارەی جەنگەکەشی لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی گوت :"بڕیارێکی گەورەم لەبەردەمە، ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکەم، یان کۆماری ئیسلامی بەخێرایی لەناو ببەم، هەرگیز دەرفەتێکیان پێنەدەم کە جارێکی دیکە خەڵک بکوژن و وڵاتان وێران بکەن".
دوای هەڕەشەی لەناوبردنی ئێران، ترەمپ داوای لە ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، بەشداریی دابڕینی ئابووریی تاران بکەن، بەڵێنی دا کە ئەگەر ئەوە سەرکەوتوو بێت، نرخی نەوت دادەبەزێت.
هاوکات ترەمپ گوتیشی، دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا، ئەگەر هەیە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر ئێران هەژموونی هەبوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام چیتر وا نەماوە، جارێکی دیکەش تاران تۆمەتبارکردەوە بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر لە جیهان و داواشی لە تاران کرد ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتەکەی ئیمزا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، پێشنیازی هاوکاریی ئابووریان بۆ ئێران کردووە، لە بەرامبەر کۆتاییهێنان و دەستبەردار لەپرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوان لە تیرۆر، بەڵام تاران ڕەتیکردووەتەوە و ئەو هەڵوێستەی ئێرانیشی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد.
هەر لە چوارچێوەی وتەکانیدا سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر بارودۆخ گونجاوبێت،ڕاوێژکارەکانی خۆی ڕاسپاردووە، کە خواستی کۆبوونەوەی هەیە لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران لە نیویۆرک، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گۆتیرێس: دەسەڵاتی سەربازیی بەتەنیا ناتوانێت گرەنتی ئاسایش بکات
ئەمڕۆ دیبەیتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداریی 130 سەرکردەی جیهان دەستیپێدەکات



.jpg)

.jpg)