
لە سەرەتاى دەستبەکاربوونییەوە عەلى زەیدى ژمارەیەک هەڵمەتى بۆ ڕێگرى لە بەهەدەردانى پارە گرتووەتەبەر.
هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى ڕاوێژکارەکان، دواى زیادکردنى جێگرەکانى بوو.
لەنێو لیستەکەدا ناوى چەند ڕاوێژکارێکى کورد هەیە.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە فەرمانێکى کارگێڕیدا گرێبەستى 69 ڕاوێژکاى هەڵوەشاندەوە کە لە نووسینگەى سەرۆکوەزیران بوون و بڕیارى هەڵوەشاندنەوەکەش بەگوێرەى فەرمانەکە لە ڕۆژى 22ـى ئەم مانگە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
زۆرترین بڕى مووچە کە لە لیستەکەدا ئاماژەى بۆ کراوە مووچەى مانگانەى 5 ملیۆن دینارە.
کەمترین مووچەى مانگانەى ناو لیستەکەش یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
ئەستۆپاکی دارایی ئەم ڕاوێژکارانە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هێشتا نەکراوە.
مۆڵەتی 10 ڕۆژیان پێدراوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئەستۆپاکی.
هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکان لە چوارچێوەی ستراتیجێکى ڕاگەیێنراوی سەرۆکوەزیراندایە کە ئامانجی ڕێکخستنەوەی دەستە ڕاوێژکارییەکانە، وەک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بوونی چوار جێگرەکەی بووەتە هۆی دەستبەرداربوون لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران بەمەبەستی بەگەڕخستنی بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان.