بۆشایی دوای ئەمریکا کێ پڕی دەکاتەوە؛ دەوڵەت یان میلیشیاکان؟

کەناڵ821/09/2026
عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد لە وتارێکدا شیکاری بۆ لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشداری دەدات لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەروەریی تەنیا بە رۆیشتنی هێزی دەرەکی بەدەستنایەت، بەڵکو عێراق پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی چەکی میلیشیاکانە و بۆ هەرێمی کوردستانیش، هیچ هاوپەیمانێکی دەرەکی ناتوانێت جێگەی "یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە" بگرێتەوە.

تەواوی وتارەکە:

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی دوای ساڵی 2003 هەڵدەداتەوە و عێراقی فیدراڵ لەبەردەم پرسیارێکی قورسدا دادەنێت: ئایا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئامادەیە، یان خاکی عێراق جارێکی دیکە دەبێتە مەیدانی ململانێی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان؟ مانەوەی هێزی دەرەکی چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانی عێراق نییە.

هەر وڵاتێک دەبێت خۆی بەرپرسیاری پاراستنی خاک و سەروەریی خۆی بێت، بەڵام سەروەریی تەنیا بە ڕۆیشتنی هێزی دەرەکی بەدەست نایەت. سەروەریی ڕاستەقینە پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهێز، یاسایەکی سەروەر، دامەزراوەی نیشتمانی و چەکێک هەیە کە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

هەوڵەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی دەسەڵاتی میلیشیاکان، هەنگاوێکی پێویستە، بەڵام رێگاکە ئاسان نییە. ئەو هێزانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەک هەڵدەگرن، لە ماوەی ساڵانێکدا خاوەنی نفوزی سیاسی، ئابووری و سەربازیی بوون. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەنیا بە دروشم ناکرێت، ئیرادەی سیاسی، دادپەروەری و پشتگیریی هەموو هێزە نیشتمانییەکانی دەوێت.

لەژێر پردەکەی جادەی مەولەوی لە سلێمانی، دوو کاسب لەبەردەم دوکانەکانیاندا وەستابوون. یەکێکیان بە نیگەرانییەوە گوتی: دەڵێن هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە، دوای ڕۆیشتنیان چی ڕوودەدات؟ کێ ئەو بۆشاییە ئاسایشییە پڕ دەکاتەوە؟ نەوەک دوژمنانی کوردستان جارێکی دیکە چاویان لەم خاکە بێت؟ ئەوی دیکەیان وەڵامی دایەوە: دوێنێ مامۆستا شوان لێرە بوو، دەیگوت: مەترسی هەیە، بەڵام بێئومێدیی چارەسەر نییە.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئێمە خۆمان بۆ دوای ڕۆیشتنیان چیمان کردووە و چی دەکەین؟ ئەمە تەنیا گفتوگۆی نێوان دوو کاسب نییە، پرسیاری زۆربەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانە. خەڵک لە ئەزموونی ڕابردووەوە دەزانن کە بۆشایی هێز زوو پڕ دەکرێتەوە، ئەگەر دەوڵەت پڕی نەکاتەوە، هێزێکی دیکە دەستی بەسەردا دەگرێت.

هەرێمی کوردستان ئەم مەترسییە باشتر لە هەر لایەنێکی دیکە دەزانێت و درکی پێدەکات. دوای کارەسات و کۆڕەوی ساڵی 1991، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و دروستبوونی هێڵی 36، پەناگەیەکی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی خەڵک و دامەزراندنەوەی ژیان بوو. پاش کشانەوەی دامودەزگاکانی ڕژێم، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات. پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش، لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی ئەو ئەزموونەدا هەبوو.

لە شەڕی دژی داعشدا، جارێکی دیکە دەرکەوت کە هەرێمی کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و قەبارەی سیاسی و ئابووریی خۆی، هێشتا پێویستی بە هاوکاریی هاوپەیمانان هەیە. هەڕەشەی داعش هەر لە ئارادایە و ناوچەکەش لەنێوان ململانێی ئەمریکا و ئێران و شەڕ و ناسەقامگیریدا دەژی. لە دۆخێکی ئاوهادا، کشانەوەی خێرا و بێ پلانی هێزە هاوپەیمانەکان دەکرێت بۆشاییەک دروست بکات کە دوژمنانی هەرێمی کوردستان و گرووپە چەکدارەکان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاریبهێنن، بەڵام پاراستنی هەرێمی کوردستان تەنیا بە مانەوەی هێزی دەرەکی نابێت.

ناکۆکییە ناوخۆییەکان، یەکنەخستنی پەیامی نیشتمانی و لاوازیی دامودەزگاکان، توانای بەرگریی هەرێمی کوردستان کەمدەکەنەوە. هاوپەیمان گرنگن، بەڵام هیچ هاوپەیمانێک ناتوانێت جێی یەکڕیزیی ناوخۆ و هێزی نیشتمانیی بگرێتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغە سەختەکانی مێژوودا، فریادڕەس و بەشدارێکی سەرەکیی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بووە. ئەمڕۆش پێویستە بە هەمان ڕۆحی بەرپرسیارێتییەوە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دەستوور و گفتوگۆوە کار بکات.

ڕۆیشتنی ئەمریکا دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، بەو مەرجەی دەوڵەت چەک کۆنترۆڵ بکات، یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکات و متمانەی خەڵک بگەڕێنێتەوە. ئەگەر ئەمە نەکرێت، کشانەوەکە دەبێتە دەروازەی ناسەقامگیرییەکی نوێ. بۆ هەرێمی کوردستانیش، پاراستنی ئەزموونەکە تەنیا بە هەبوونی هاوپەیمان ناکرێت، بەڵکو بە یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی نیشتمانیی خۆمان جێبەجێ دەکرێت.

عیماد ئەحمەد

کەناڵ8

Mon Sep 21 2026

Loading related news...