
وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ درۆنێکى ئۆکرانى لە هەرێمى کوردستان هەبێت.
وەزارەتى ناوخۆ: ژمارەیەک دەزگا و پەیجى ڕاگەیاندن بۆ چەواشەکارى ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتى ناوخۆ: بە تەواوی دووپاتی دەکەینەوە ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێبنەمان.
ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووە بە کەناڵ8، تیایدا ئاماژە بەوەدەکات، سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەت دەکەنەوە کە لە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بە بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمدا، و بە تەواوی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێبنەمان.
جەخت لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی، خۆ بەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێم.
وەک پێگەیەک بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارەکانمانە.
بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژى چوارشەممە، 21ـى تشرینى یەکەمى 2026، باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق، سەرلەبەری ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەى ڕەتکردەوە کە باسیان لە جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکان و درۆنى ئۆکرانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ڕایگەیاند، ئەم دەنگۆیانە "چەواشەکارییەکی بە مەبەستن".
ئەم ڕوونکردنەوەیەی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە وەڵامى ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێران بوو کە لە 20ـى تشرینى یەکەمى 2026، لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردبووەوە.
ئۆکرانیا: درۆن و یەکەى درۆنمان لە هەرێمى کوردستان جێگیر نەکردووە





