پیرەمێرد.. لە هەگبەی پەندبێژیی دا

تۆفیق مەحموود هەمزە، ناسراوە بە پیرەمێرد، یەکێکە لە دیارترین شاعیر و رۆژنامەنووسەکانی مێژووی کورد، رێکەوتی 19ی حوزەیرانی 1950، لە تەمەنی 83 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.

پیرەمێرد ساڵی 1867 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە چووەتە بەر خوێندنی حوجرە و پێداگیرێکی گەورە بووە لە مافی خۆی، هەر لە چوارچێوەی خوێندنی حوجرەدا توانای نووسینی شیعری بۆ پەیدادەبێت، لەسەر دابونەریتی کوردەواریی شۆرەتی سوارچاکیی پەیدادەکات و لاوێکی لێهاتووی لێدەردەچێت.

پیرەمێرد لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری بەناوی مزگەوتی هەمزاغا لەلای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبیی خوێندووە، پاشان وەکو هەر فەقێییەکی دیکە، روو لە شارەکانی دیکەی کوردستان دەکات و لە شاری بانە ماوەیەک ماوەتەوە، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، دەستبەرداری خوێندنی حوجرە دەبێت و لەبری نازناوی مەلا، نازناوی میرزا بەدەستدەهێنێت.

پیرەمێرد لە تەمەنی 15 ساڵییدا وەکو کاتبی نفووسی سلێمانی کاری کردووە، پاشان لە دادگای سلێمانی دادەمەزرێت و بووە بە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میریی هەڵەبجە، هەر لەم سەردەمەدا بووە کە ئەشقی نووسینی شیعر لە دڵیدا چەکەرە دەکات، خولیای کۆکردنەوەی شیعر لە هزریدا دروستدەبێت و سەرقاڵی لەبەرکردنی شیعری شاعیرانی دیکە بووە.

ساڵی 1898، لەسەر بانگهێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگدەکرێت بۆ ئیستانبوڵ، پاش مانەوەی ساڵێک لەم شارە، روو لە حەج دەکات و لە رێگەی حەج دەبێت بە هاوڕێی وەفایی و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکوک، هەر لەم کاروانەدا وەفایی کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەینێژێت.

لە تەمەنی 32 ساڵییدا و لە نووسینی نامەیەکی فارسیی بۆ شای ئێران لەسەر داوای سوڵتانی ئیستانبوڵ، سەرنجی هەمووان رادەکێشێت و بە فەرمانی سوڵتان دەبێت بە ئەندام لە ئەنجوومەنی باڵای شاری ئیستانبوڵ، پلەی بەگێتیی وەردەگرێت و لە کۆلێجی یاسا دەخوێنێت و بڕوانامەی یاسا وەردەگرێت و ماوەی 25 ساڵ لە تورکیا دەمێنێتەوە.

سەردەمی گەڕانەوەی پیرەمێرد بۆ کوردستان، سەردەمی جوڵانەوە و بزاوتی هێزی نەتەوایەتیی کورد بووە، شێخ مەحموود ئاڵای شۆڕشی هەڵکردووە و داوای مافی کردووە.

پیرەمێرد لە ژیانی ئەدەبیی خۆیدا چەندین کاری گەورەی ئەنجامداوە، لە بەرهەمەکانی بریتین لە:

داستانی مەم و زین
پەندەکانی پیرەمێرد
دیوانی مەولەوی
دوانزە سوارەی مەریوان

حەسەن فەلاح

Wed Jun 19 2024

Loading related news...