فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی؛ ڕۆماننووسێکی مەزن لەبەردەم پەتی سێدارەدا

نووسەر، ئەندازیار و وەرگێڕی ڕووسی، سزادراو بۆ لەسێدارەدان، فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی، یەکێکە لە گەورەترین ڕۆماننووسانی ڕووسیا و جیهان.

فیۆدۆر میکایلۆڤیچ دۆستۆیەڤسکی:

  • 11ی تشرینی دووەمی ساڵی 1821 لە شاری مۆسکۆ لەدایكبووە

  • ڕۆماننووس، نووسەری کورتەچیرۆک، ڕۆژنامەنووس و بیرمەندی سەردەمی خۆی بووە

  • ناوبانگەکەی بەهۆی دروستکردنی تێگەیشتی نوێ بووە سەبارەت بە مرۆڤایەتی لە گێڕانەوەکانیدا

  • شیکردنەوەیەکی وردی کردووە سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵاتیی ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەیەمدا

  • بە لێهاتوویی مامەڵەی لەگەڵ کۆمەڵێكی جۆراوجۆر لە بابەتە فەلسەفی و ئاینییەکان کردووە


بە منداڵی، دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەب کردووە، لەڕێگەی خوێندنەوەی چیرۆکە خەیاڵییەکان و داستانەکانی نووسەرانی ڕووسیا و وڵاتانی بیانی، چاوی بە دونیا و جیهانی ئەدەب کراوەتەوە، لە تەمەنی 15 ساڵیدا، دایکی کۆچی دواییکردووە، هاوکات، پاش مردنی دایکی، دەستبەرداری قوتابخانە بووە و چووەتە پەیمانگەی ئەندازیاریی سەربازی، پاش دەرچوونی، وەک ئەندازیارێک کاری کردووە و هاوکات کتێبی وەرگێڕاوە.


  • لە بیستەکانی تەمەنیدا دەستی بە نووسین کردووە

  • یەکەم ڕۆمانی بەناوی "هەژاران" لە ساڵی 1846، لە تەمەنی 25 ساڵیدا بڵاوکردووەتەوە

  • (هەژاران) لە ڕەوتی نوێیی ئەوکاتی ئەدەبدا، بوو بە یەکەمین سەرکەوتنی دۆستۆیەڤسکی لە جیهانی نووسینی ڕۆمان و چیرۆکە سەرەتایییەکاندا

  • ئەم کتێبە یەکەم هەنگاوی بووە بۆ چوونە ناو بازنەی ئەدەب لە شاری سانت پیتەرسبێرگ


ساڵی 1849، بە تۆمەتی ئەندامێتیی لە کۆمەڵەی پێتراشێڤسکی، کە کۆمەڵەیەکی ئەدەبیی نهێنی بوون و پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر ئەو کتێبانە کردووە کە ڕەخنەیان لە سیستمی حوکمڕانیی ئەوکاتی ڕووسیا دەگرت، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لە کۆتا ساتەکانی پێش لەسێدارەدانیدا، سزاکەی گۆڕاوە بۆ چوار ساڵ کارکردنی قورس و شەش ساڵ لە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، ژیانیشی لەم ماوەیەدا، لە مەنفا بەسەربردووە.


دۆستۆیەڤسکی وەک ڕۆژنامەوان کاری کردووە:

  • لە چەندین گۆڤاری ئەدەبییدا نوسینەکانی بڵاوبوونەتەوە

  • نووسراوەکانی لە ڕۆژنامەدا، بە یاداشتەکانی نووسەر ناسراون، پێکهاتوون لە کۆمەڵێک بابەت، کە لەنێوان ساڵانی 1873-1881 نووسیونی

لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی دۆستۆیەڤسکی بریتین لە:

  • برایانی کارامازۆف

  • تاوان و سزا

  • گێل و شەیتانەکان

لە تێکڕای ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، 11 ڕۆمانی درێژ، سێ نۆڤلێت، 17 کورتەچیرۆک و ژمارەیەک لە بەرهەم و بابەتی دیکەی نووسیوە.

لەماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، بووە بە یەکێک لە گەورەترین و ڕێزدارترین نووسەرەکانی ڕووسیا، زۆرینەی بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 170 زمان وەرگێڕدراون، تەنانەت ئیلهامبەخشی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ڕووسیا بووە وەک:

  • پوشکین

  • گۆگۆڵ

  • بلزاک

  • لێرمۆنتۆڤ

  • هۆگۆ

لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەیەك نووسەری دیکەی دەرەوەی ڕووسیا کاریگەربوون بە نوسینەکانی:

  • جان پۆڵ سارتەر

  • فریدریك نیچە

  • ئەنتۆن شیخۆف

  • ئەلیکساندەر سۆلژێنیستین

تاوەکو ئێستا، بە ئیلهامی ناوەڕۆکی ڕۆمان و چیرۆکەکانی دۆستۆیەڤسکی، زیاتر لە 125 بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنیی بەرهەمهێنراون، هاوکات، تێڕووانینی ئەم نووسەرە بۆ ژیان، بەردەوامە لە دروستکردنی کاریگەریی لەسەر جیهان.

ڕێکەوتی 28ی تشرینی دووەمی 1881، لە تەمەنی 59 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشیی سییەکانەوە کۆچی دوایی کردووە و پاش تێپەڕینی سێ ڕۆژ بەسەر مردنەکەیدا، لە دێری ئالێکساندر نێڤسکی، لە شاری سان پیتەرسبۆرگ، بەخاک سپێردراوە.

حەسەن فەلاح

Wed Nov 11 2026

Loading related news...