
چەند ساڵێک لێکۆڵینەوە لە نەتانیاهوو لەسەر گەندەڵی بەردەوام بوو.
نەتانیاهوو و هاوسەرەکەی تۆمەتبار کراون بەوەی دیارییان لە وڵاتان وەرگرتووە.
نەتانیاهوو داوای لە دادگا کرد سەرجەم تۆمەتەکانی سەری هەڵبوەشێنێتەوە.
دوای ڕاسپاردەی دادگای ئورشەلیم بۆ داخستنی زۆربەی دۆسیەکان، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل، داوای لە دادوەرەکان کرد سەرجەم ئەو تۆمەتانە هەڵبوەشێننەوە کە ئاراستەی کراون و دۆسیەی دادگاییکردنەکانی دابخەن، کە تایبەتن بە بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵی.
10 ساڵ لەمەوبەر گوتوومە هیچ تۆمەتێک ڕاست نییە و پێویستە ئەم دادگاییکردنە کۆتایی بێت.
10 ساڵی خایاند تاوەکو ڕاستییەکان دەرکەوتن.
سیاسەتەکانی تیرۆری کارەکتەر، هاندان و ئاراستەکردن دژ بە من گیراونەتە بەر.
کێ 10 ساڵ لە ژیانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە دەمانتوانی بە ئازادی بژین؟.
لێدوانەکانی نەتانیاهوو دوای ئەوە هات کە دادگای ئورشەلیم ڕایگەیاند، چانسی سزادان سەبارەت بە دۆسیەی بەرتیلدان، ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە، کە بە دۆسیەی 4000 ناسراوە، زۆر کەمە.
دۆسیەی 1000، 2000 و 4000.
بەگوێرەی دادگاکە، نەتانیاهوو لە دۆسیەی 4000 بێتاوان دەرچووە.
سەبارەت بە دۆسیەی 2000، کە تایبەتە بە ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە، دادگا ڕایگەیاندووە کە بنەمایەکی بڕواپێکراو نابینن بۆ بەردەوامبوون لە دۆسیەکە.
بۆ دۆسیەی 1000ـیش کە تۆمەتی ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە لەخۆ دەگرێت، دادگا داوای لە داواکاری گشتی کردووە پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکەن.
هەرچەندە ئەم پێشهاتانە بڕیاری کۆتایی بە بێتاوان ناساندنی نەتانیاهوو نین، بەڵام ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ داخستنی دۆسیەکان و کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنەکان.
