
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، 80 هەزار دۆسییەی ئەندامانی پەکەکە دراوەتە وەزارەتی دادی تورکیا.
میدیای تورکیا: دۆسییەکان لەسەر بنەمای سوودمەندبوون لە یاسای چوارچێوە پۆلێنکراون.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، دوو فەرمانگەی سەر بە وەزارەتی دادی تورکیا لیستی ئەو ئەندامانەی پەکەکەیان ئامادەکردووە، کە لە یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن و ئەوانەش کە لە یاساکە سوودمەند نابن و ڕادەستی وەزارەتەکە کراوە. پارتی دەم دەڵێت، لیستەکەیان نەدیوە بەڵام ئاگاداری کارەکانن.
کارەکان بە هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری سزاکان و سەرۆکایەتیی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دادی تورکیا بەڕێوەدەچن.
لیستی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن و ئەوانەی سوودمەند نابن، ئامادەکراوە.
80 هەزار دۆسییە لە سەراسەری تورکیادا لەگەڵ یاسای چوارچێوەدا سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت.
لەنێو ئەو دۆسییانەی ڕادەستی وەزارەتی داد کراون زانیاریی ورد لەنێو دۆسییەکانی ئەندامانی پەکەکەدا هەیە.
هەر لە ناو، ژمارەی ناسنامە، ئەو دادگایەی دادبینی کردووە، تۆمەتەکان، ژمارەی دۆسیەکانی کەسەکە، ماوەی ئەو سزایەی سەپێنراوە، ئەوەی ئایا دۆسییەکە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە یاخود نا.
دۆسیییەکان پۆلێنکراون بۆ ئەوانەی لە یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن و ئەوانەی بەهۆی تێوەگلان لە تاوانی کوشتن، ناتوانن لە یاسایە سوودمەند بن.
تەواوی 80 هەزار دۆسییەکە لەلایەن داواکاری گشتیی لە فەرمانگەی جێبەجێکردنی سزاکان، بۆ وەزارەتی داد نێردراوە.
ئاگاداری ئامادەکردنی لیستەکە بووین، بەڵام زانیاریمان نەدراوەتێ لەبارەی ئەوەی لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی داد کراوە یان نا.
ئێستا چاوەکان لەسەر چەکدانانی پەکەکە و ڕاپۆرتی پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردنن کە بەشێوەیەکی مەیدانیی ئامادە دەکرێت.
پاش ئەوەش ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، تاوەکو ئەندامانی پەکەکە دەست بە گەڕانەوە بۆ تورکیا بکەن. ئاماژە بەوەش دەکرێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە کۆتایی مانگی ئایندەدا دەبێت.