وردەکاریی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەكکە بڵاوکرایەوە

عەدنان ئەحمەد1 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • وردەکاریی ڕێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی مەكکە بڵاوکرایەوە.

  • خاڵی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە؛ هەر وڵاتێکیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە، دوو وڵاتەکەی دیکە بەرگریی لێدەکەن.

  • سەرکردایەتییکردنی هاوپەیمانێتییەکە بە خول دەبێت.

  • خولی یەکەم کە سێ ساڵە لای پاکستان دەبێت.


ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەكکە حەوتی ئابی 2026، لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، لە لایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە واژۆکرا.


ماددەکانی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەكکە:

  • ماددەی یەکەم؛ لایەنەکان هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەری، یەکپارچەیی خاک و نەبەزاندنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی یەکتری. لە ئەگەری هەڕەشەکردن یان کەوتنە مەترسیی یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سنوورە نێودەوڵەتییەکانی هەر یەکێک لە لایەنەکان، سێ لایەنەکە هەموو شێوازە پێویستەکان بەکاردەهێنن، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە.

  • ماددەی دووەم؛ هەر هێرشێکی چەکداریی دەرەکی بۆ سەر هەر یەکێک لە لایەنەکان، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی لایەنەکان دادەنرێت. ئەگەر هەر یەکێک لە لایەنەکان کەوتنە بەردەم هێرشێکی چەکداری یان دەستدرێژییەکی سەربازی لەلایەن وڵات یان کۆمەڵە وڵاتێکی دیکەوە، لایەنەکان دەستبەجێ تەواوی تواناکانی هاوکاریی هاوبەش پێشکەشی یەکتر دەکەن و یارمەتی ئەو لایەنە دەدەن، کە هێرشی کراوەتە سەر. بۆ ئەوەش سوود لە ماددەی ٥١ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرن، کە مافی خۆپارێزیی دابین دەکات. پاش هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ هاوکارییە پێویستەکان، بڕیار لەسەر قەبارە و جۆری ئەو پاڵپشتییە دەدرێت، کە پێشکەش دەکرێت.

  • ماددەی سێیەم؛ لایەنەکان بەپێی ماددەی ٢ـی ئەم ڕێککەوتنە، هاوکاریی نزیک لە بوارەکانی بەرگری، پیشەسازیی بەرگری و ئاسایشدا دەکەن. پەیوەندییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانیان گەشە پێدەدەن و ئەو چالاکییە هاوبەشانە جێبەجێ دەکەن، کە لەسەری ڕێککەوتوون بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری بەرگری.

  • ماددەی چوارەم؛ لایەنەکان بە بەردەوامی ڕاوێژ لەسەر پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن و بە شێوازێکی بەردەوام و کاریگەر هاوکاریی یەکتر دەکەن، ئەوەش لەپێناو بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەییان.

  • ماددەی پێنجەم؛ لایەنەکان هاوکارییەکانی ئێستا و هەوڵە هاوبەشەکانیان بەهێزتر دەکەن، لە ئاستی ئۆپراسیۆن و شەڕی دژی تیرۆر بە هەموو جۆر و شێوازەکانییەوە، کە کاریگەریی نەرێنی دەکەنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

  • ماددەی شەشەم؛ لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری، لایەنەکان هانی ئاڵوگۆڕی کارمەندان لە نێوان دامەزراوە بەرگرییەکان، بەرنامەکانی ڕاهێنانی هاوبەش و ئۆپراسیۆنەکان دەدەن، لەگەڵ جێگیرکردنی هێز و ئەو چالاکییانەی کە ئامانجیان زیادکردنی توانای کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی هەرسێ لایەنە.

  • ماددەی حەوتەم؛ بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، لایەنەکان لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی هاوبەش، پشتگیری لە هاوبەشیکردنی تەکنەلۆجیا، پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای هاوبەش، بەرهەمهێنانی هاوبەش و هاوکاری نێوان دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگری دەکەن، لەم بوارانەی خوارەوەدا؛

هاندانی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە بواری بەرگریدا

جێبەجێکردنی داهێنانی بەرگری لە ڕێگەی پڕۆژە هاوبەشەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان، لەو تەکنەلۆجیایانەی کە پێویستیان بە پسپۆڕی هەیە.

پێگەیاندنی سەرچاوەی مرۆیی و پشتگیریکردنی پیشەسازیی سەربازی لەسەر خاکی لایەنەکان لە ڕێگەی شارەزایان.

هاوبەشیکردنی شارەزاییەکان لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگری، توێژینەوە، پەرەپێدان و داهێنانی بەرگریدا.

بوارەکانی دیکەی هاوکاری کە لایەنەکان لەسەری ڕێکدەکەون.

  • ماددەی هەشتەم؛ لایەنە سەرەکییەکان بە مەبەستی پێدانی ئاڕاستەی ستراتیجی بۆ بەرگری هاوبەش، کار دەکەن لەپێناو گەشەپێدانی هاوکاریی بەرگری، ئاسایشی نێوان لایەنەکان و چارەسەرکردنی ئەو ڕێگرییانەی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەدا دێنە پێشەوە. هاوکات لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری دادەمەزرێنن، کە پێکهاتووە لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای لایەنەکان. لیژنەکە ساڵی دوو جار بە شێوازی نۆرە و میوانداریکردنی گۆڕاو لە نێوان لایەنەکاندا کۆدەبێتەوە. سەرکردەکانی لایەنەکان لە کاتی پێویستدا دەتوانن ساڵی جارێک کۆببنەوە.

لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری لە کاتی پێویستدا دەتوانێت لیژنەی لاوەکی دابمەزرێنێت.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو بوارە هاوکاریانەی لەم ڕێککەوتنامەیەدا هاتوون، لە کاتی پێویستدا ڕێککەوتنامە یان پرۆتۆکۆل لە نێوان لایەنەکاندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

بۆ خزمەتکردنی لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری، سکرتاریەتێک دادەمەزرێت کە بنکەکەی لە سعوودیە دەبێت.

سەرۆکایەتی سکرتاریەت لەلایەن ئەمینداری گشتییەوە دەکرێت، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ بە شێوازی نۆرە لە نێوان لایەنە سەرەکییەکاندا ڕادەسپێردرێت. خولی یەکەم لای پاکستان دەبێت.

  • ماددەی نۆیەم؛ بە مەبەستی قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لە بواری هەواڵگری و دابینکردنی هەماهەنگی پێویست لەم بوارەدا، لایەنەکان بە ڕەچاوکردنی ئاسایش و پاراستنی زانیاری و نهێنییەکان، لە ڕێگەی کەناڵە پارێزراوەکانی ڕێککەوتنەکەوە، زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەکەن.

  • ماددەی دەیەم؛ لایەنەکان بەگوێرەی بەردەستبوون و گونجانی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی لۆجستی، لە کاتی ئاشتی، شەڕ و بارودۆخە نائاساییەکانی دیکەدا، پاڵپشتی لۆجستی پێشکەشی یەکتر دەکەن، بە چەک، تەقەمەنی، سووتەمەنی، پارچەی یەدەگ و کەلوپەلی دیکەشەوە.

  • ماددەی 11؛ بەبێ پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییە پەیوەندیدارەکانی لایەنەکان، هەرسێ لایەنەکە ئەم ڕێککەوتنە وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە قبوڵ دەکەن و لە کاتی پێویستدا پێشنیازی ڕێوشوێنی یاسایی زیاتر دەکەن.

  • ماددەی 12؛ ئەم ڕێککەوتنە زیان بەو ماف و پابەندبوونانە ناگەیەنێت، کە لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییانەی پێشوو سەرچاوەیان گرتووە و لایەنەکان واژۆیان کردووە.

  • ماددەی 13؛ لایەنەکان پابەند دەبن بە پاراستنی نهێنیی ئەو زانیاری و بەڵگەنامە نهێنیانەی، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا بەدەستیدەهێنن و ڕێز لە یاسا نیشتمانییەکان دەگرن.

زانیاری و بەڵگەنامە نهێنییەکان لەگەڵ هیچ دەوڵەت، کۆمپانیا یان کەسێکی دەرەوەی لایەنەکان هاوبەش ناکرێت.

  • ماددەی 14؛ هەر ناکۆکییەک کە لە لێکدانەوە یان جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەوە سەرچاوە بگرێت، بە شێوازێکی دۆستانە لە ڕێگەی ڕاوێژ و گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.

  • ماددەی 15؛ ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت لە ڕێگەی ڕاوێژ و کۆدەنگی نێوان لایەنە سەرەکییەکانەوە هەموار بکرێتەوە.

  • ماددەی 16؛ ئەم ڕێککەوتنە بەگوێرەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە هەر لایەنێک پێوەی پابەندە پەسەند دەکرێت و لەو کاتەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا دوایین بەڵگەنامەی پەسەندکردن ڕادەستی سکرتاریەتی لیژنەی ستراتیجی سیاسی و بەرگری دەکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

ئەردۆغان: ڕەنگە میسریش ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتننامەى مەککە

Loading related news...