تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە هێلکەی ژنان لە تورکیا ئاشکرا کرا

محەمەد عەلی4 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای تورکیا
ئاڵای تورکیا

پووختەی هەواڵە

  • لە تورکیا تۆرێکی فرۆشتنی هێلکەی هێلکەدانى ژنان دەستگیرکران.

  • ژنەکان 811 گەشتیان بۆ سێ وڵات بەمەبەستی فرۆشتنی هێلکەى هێلکەدانەکانیان ئەنجامداوە.

  • قازانجی تۆڕەکە لە فرۆشتنی هێلکەى هێلکەدانى ژنان دوو ملیۆن یۆرۆ بووە.


لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و هاوکاتدا لە 14 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، زۆرینەی ئەندامانی تۆڕێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە بە شێوەیەکی نایاسایی بازرگانییان بە هێلکەی هێلکەدانى ژنانەوە دەکرد، دەستگیرکران.



بە گوێرەی وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کە بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە تۆڕەکە لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی ژنانەوە، قازانجێکی زۆری ماددییان کردووە.


لێکۆڵەرەوان بۆیان دەرکەوتووە:

  • تۆڕەکە داواکاریی ئەو کەسانەیان وەرگرتووە کە ویستوویانە ببنە خاوەنی منداڵ.

  • داوای تایبەتمەندییەکانی "قژی زەرد و چاوی شین"یان کردووە.

  • ئەندامان و بەرپرسانی تۆڕەکە، بێدوودڵی بەڵێنی دۆزینەوەی بەربژێری دڵخوازیان پێداون.

  • تۆڕەکە ژنانی تەمەن 22 تاوەکو 33 ساڵیان لە ڕێگەی پزیشک و دەرمانەوە ئامادە کردووە.

  • پاشان بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی هێلکە، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە ڕەوانەی دەرەوەی تورکیایان کردوون.

  • ئەو ژنانە لە بەرامبەر هەر هێلکەیەکدا تەنیا 60-80 یۆرۆیان پێدراوە، لە کاتێکدا هەمان هێلکە لە دەرەوە بە نزیکەی 100 یۆرۆ فرۆشراوە بە سەنتەرەکانی پیتاندن.


بەپێی زانیارییەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی دارایی و بەدواداچوونی هاتوچۆی ئاسمانی و جووڵەی بانکی، ژنە بەخشەرەکان تەنیا بۆ ئەم مەبەستە 811 جار گەشتیان بۆ وڵاتانی وەک ئەلبانیا، جۆرجیا و قوبرسی تورکی کردووە و لە ئەنجامدا بڕی نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ لە نێوان تۆمەتباراندا حەواڵە کراوە.


پاش کۆکردنەوەی بەڵگەکان، هێزە ئەمنییەکان لە ئەستەنبوڵ و 13 پارێزگای دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی هاوکاتیان ئەنجامدا، بەمەبەستی قۆڵبەستکردنی 53 تۆمەتبار کە پێنج لە بەرپرسان، 41 ژنی بەخشەر، دوو پزیشک و چوار کەس لە ڕێکخەری گەشتەکان پێکهاتوون.
ئەوەش زانراوە، لەو 53 کەسە، 36 تۆمەتبار دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەیاندا بەردەوامە کە حەوتیان لە دەرەوەی تورکیان.

محەمەد عەلی

Tue Oct 20 2026

Loading related news...