ئارسیناڵ میوانێکی تاڵە بۆ بایرن میونشن

مەستان حوسام1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بایرن میونشن لە ئالیانز ئارێنا لەبەردەم 75 هەزار هاندەر میوانداریی ئارسیناڵ دەکات.
بایرن میونشن بەبێ ئامادەبوونی تەواوەتی ڤینسینت کۆمپانی راهێنەر ئەم یارییە ئەنجامدەدات، ئەمەش دوای ئەوەی یانەکە ڕایگەیاند کە کۆمپانی تووشی پەتایەک بووە و ماندووی کردووە، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیش ئامادە نەبوو و لە جیاتی ئەو یاریدەدەرەکەی قسەی کرد.
سەرەتا گومان زۆر هەبوو کە کۆمپانی نەتوانێت راسەتوخۆ لەگەڵ یاریزانەکان بێت، بەڵام میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن راهێنەرەکە لە یاریگادا ئامادە دەبێت، بەڵام لەوانەیە زۆر نەتوانێت بەپێوە بوەستێت و ناچار زیاتر لەسەر کورسی ڕاوێژ بە یاریدەدەرەکەی دەکات، بایرن تەنیا لە چوار یاریزانی بێبەش دەبێت، یەکێکیان مایکڵ ئۆلیسێیە، کە بەهۆی کارتی سورەوە بێبەشدەبێت، جەمال موسیالاش پێکانە و جۆشوا کیمیچ بەهۆی پرسەی باوکییەوە ئامادە نابێت.
باڤارییەکان تەواو ئامادەن و لەم وەرزەدا هیچ شکستێکیان نییە، دوو یاریی پێشووی چامپیۆنزلیگیان بەرامبەر بۆدۆ گلیمت بردووەتەوە و بەرامبەر ڤایکینگ یەکسانبوون.
ئەمشەو میوانێکی تاڵ کە ئارسیناڵە سەردانی ئالیانز ئارێنا دەکات، تیمەکەی ئارتێتاش تەنیا خاوەنی یەک شکستن و لە رووی ئاست و ئەنجامەوە نایابن، تا ئێستا لەم وەرزەدا یەک یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دۆڕاندووە ئەویش بەرامبەر بڕایتن بوو.
ئارسیناڵ و بایرن لە مێژە ڕکابەرییەکی دوور و درێژیان هەیە، لە ساڵی 2000ـەوە تا ئێستا، کە دەکاتە 26 ساڵ، 17 جار ڕووبەڕووبونەتەوە، باڤارییەکان بە 8 بردنەوە باڵادەستن و گەنەرز 5 بردنەوەی هەیە، چوار یارییش یەکسانبوون.
دوایین یاریی نێوانیان، وەرزی ڕابردوو لە گەری پێنجەمی چامپیۆنزلیگ بوو، کاتێک ئارسیناڵ لە یاریگای خۆیدا 3-1 لە بایرنی بردەوە.

Loading related news...