کیمیچ پرسەی هەیە و بەشداریی یارییەکەی ئارسیناڵ ناکات

نەورۆز عوسمان2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • جۆشوا کیمیچ، بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە بەشداری لە یارییەکەی ئارسیناڵدا ناکات.

  • یانەی بایرن پشتڕاستی کردەوە، کە یاریزانەکە لە پێکهاتەی یارییەکەدا نابێت و لەگەڵ خێزانەکەی ماتەم دەگێڕێت.

  • یانەی بایرن میونشن داوا دەکات ڕێزی تایبەتمەندی و دۆخی خێزانەکەی کیمیچ بگیرێت و هیچ کەسایەتییەک لەو یانەوە تەنانەت یاریزانەکەش لێدوان بە میدیاکان نەدەن.

  • بایرن میونشن سەرەڕای ئەم لەدەستدانە، بە مۆڕاڵێکی بەرزی سەرکەوتنەکانی بۆندسلیگاوە دەچێتە یارییەکەوە.

یانەی بایرن میونشن، پاڵەوانی خولی پلە یەکی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە جۆشوا کیمیچی ناوەڕاستکاری یانەکەیان بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە، لە یارییەکەی ئەمشەوی چوارشەممە بەرامبەر ئارسیناڵ لە خولی پاڵەوانانی ئەورووپا بێبەش دەبێت.

کیمیچی تەمەن 31 ساڵ بەشداری لە دوایین مەشقی تیپەکەدا نەکردووە، یانەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای کرد کە ڕێزی تایبەتمەندیی خێزانەکە بگیرێت و لێدوان یان بەدواداچوونی زیاتر لەو بارەیەوە نەکرێت.

ئامادە نەبوونی کیمیچ گورزێکی نوێیە بۆ یانەکەی باڤاریا، بەو پێیەی لە یارییەکەی ئەمشەودا لە یاریگەی «ئەلیانز ئارینا» لە تواناکانی ئەو یاریزانە و تواناکانی مایکڵ ئۆلیسیی فەرەنسیش بێبەش دەبێت، چونکە یاریزانە فەرەنسییەکە لە یاریی ڕابردوودا بەرامبەر یانەی ڤایکینگ بە کارتی سوور لە یاریگە کرایە دەرەوە و ئەم یارییە لەژێر کاریگەریی سزای کارتە سوورەکەدا دەبێت.

سەرەڕای ئەو بارودۆخەی بەسەر یانەکەی ئەڵمانیا هاتووە، بەڵام بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ڕکابەرە ئینگلیزییەکە دەبێتەوە، دوای بردنەوە گەورەکەیان بە ئەنجامی 6-1 بەرامبەر لایپزیگ لە خولی ئەڵمانیا.

Loading related news...