بەرشلۆنە بەنیازە سکاڵا لە دژی پاریس سانجێرمان تۆمار بکات

نەورۆز عوسمان2 کاتژمێر پێش ئێستا

پوختەی هەواڵ:

  • بەرشلۆنە داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا دەکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر پاریس سانجێرمان بگرێتە بەر.

  • لافیتەیەکی هاندەرانی پاریس سانجێرمان کە دروشمی «کوشتارگە بە شێوازی پاریس»ی لە خۆ گرتبوو، نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

  • ڕاگەیاندنەکانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کرد کە لافیتەکە پەیوەندی بە ئاهەنگی هالۆوینەوە هەبووە.

  • یارییەکە بە ئەنجامی 4 - 2 لە بەرژەوەندی پاریس سانجێرمان کۆتایی هات و یەکەم شکستی ئەم وەرزەی بەرشلۆنە بوو.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە یانەی بەرشلۆنە بەنیازە داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوێفا) بکات ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر پاریس سانجێرمان بگرێتە بەر، ئەمەش بەهۆی بەرزکردنەوەی لافیتەیەکی گەورە لەلایەن هاندەرانی یانە فەرەنسییەکەوە.

ڕۆژنامەی «لا ڤانگاردیا» و ئاژانسی هەواڵی ئیسپانی بڵاویان کردووەتەوە، کە بەرپرسانی بەرشلۆنە بەهۆی ئەو بانەرە گەورەیەی هاندەرانی پاریسەوە کە تێیدا خوێن و توندوتیژی بەرامبەر بە یانەکەیان هاتووە، سکاڵا پێشکەش دەکەن.

لافیتەکە وێنەی کەسێکی دەمامکدار نیشان دەدات کە بە مشارێکی کارەبایی خوێناوی دروشمی بەرشلۆنەی دەبڕێتەوە.

لە بەرامبەردا، میدیا فەرەنسییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، کە ئەمە تەنیا بۆ بۆنەی هالۆوین بووە لە 31ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە دەچێت، هاندەرانی پاریس ویستوویانە بەو بۆنەیەوە پێشوەختە کارێکی ترسناک ئەنجام بدەن و یاریی یانەکەیان بەرامبەر بە بەرشلۆنە بە دەرفەت زانیوە.

پاریس سانجێرمان بە سەرکردایەتیی لویس ئێنریکی توانی بە ئەنجامی 4 - 2 یەکەم شکستی ئەم وەرزە دووچاری بەرشلۆنە بکات، دوای یارییەکەش، هانسی فلیکی ڕاهێنەری بەرشلۆنە، دانی بەوەدا نا کە پاریس تیپێکی باشتر بووە.

Loading related news...