بزووتنەوەی گۆڕان: بڕیارەکانی عەلی زەیدی بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن

پووختەی هەواڵەکە

  • بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بڕیارەکانی زەیدیییەوە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە کوردستانییەکان دەکات.

  • بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بڕیارەکانی عەلی زەیدی پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن.

  • بزووتنەوەی گۆڕان: هەنگاوەکانی زەیدی بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن.


بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڕیارەکانی ئەمڕۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە پێشهاتێکی مەترسیدار ناودەبات و جەخت دەکاتەوە کە بنبڕکردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی نابێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. هاوکات داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات ناکۆکییەکان وەلا بنێن و ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو دابڕێژن.


ناوەڕۆکی ڕاگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:

  • بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵدا، درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەن کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن.

  • پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێم دووپات دەکەینەوە.

  • جەخت دەکەینەوە کە نابێت ئەمە بکرێتە پاساو بۆ کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و بچووککردنەوەی پێگەی کورد.

  • داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە بڕیارەکاندا بکات و دەستوور بکاتە بنەما، بە شێوەیەک بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.

  • بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست لە هەرێم، پێگەی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکان ڕەخساندووە.

  • داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بە زووترین کات کۆببنەوە، ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و کار بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان بکەن، تا بە یەک گوتاری یەکگرتوو بەرگری لە قەوارەی دەستووریی هەرێم بکەن.

ئەم هەڵوێستەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ سێشەممە (٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، زنجیرەیەک بڕیاری توندی دەرکرد.

دیارترین ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بریتین لە:

  • ڕاسپاردنی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی دەروازە و ڕێڕەوە نافەرمییەکان.

  • ئاگادارکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هیچ ڕەزامەندییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات و ئەو دەسەڵاتە تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵەوە بێت.

  • ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەت لە سنووری پارێزگاکانی (کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین)، بەوانەشەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان.

  • لە چوارچێوەی هەمان بڕیارەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووکی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکووریشی سڕ کرد.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

مەسروور بارزانی: ڕاگەیێنراوەکەی بەغداد تووشی سەرسووڕمانی کردین و جێگەی قبوڵ نییە

کەناڵ8

Tue Nov 24 2026

Loading related news...