مەسروور بارزانی: ڕاگەیێنراوەکەی بەغداد تووشی سەرسووڕمانی کردین و جێگەی قبوڵ نییە

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى پارتى
مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى پارتى

پووختەی هەواڵەکە

  • مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، تووشی سەرسووڕمان بووین بەو ڕاگەیێنراوەی ئەمڕۆ کە لە حکومەتی عێراقەوە دەرچوو .

  • مەسروور بارزانی گوتیشی ، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە و دژی گفتوگۆکانە کە لە بەغداد ئەنجامماندا.

  • مەسروور بارزانی: لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هیچ شتێک بەدەر لەدەستوور قبوڵکراو نییە.

  • مەسروور بارزانی ڕوو بە لایەنە سیاسییەکانیش ڕایگەیاند، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و هەمووان ببنە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان


لەسەر بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەسەر هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، تووشی سەرسووڕمان بوون بەو ڕاگەیێنراوەی ئەمڕۆ کە لە حکومەتی عێراقەوە دەرچوو، چونکە بەگوتەی ئەو، لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ناگونجێت کە لە بەغداد ئەنجامیانداوە گوتیشی، پەیامی جیاجیاش هەبووە.



مەسروور بارزانی لە گوتەیەکدا بۆ ڕۆژانامەوانان باسی لەوەکرد:

  • لە سەردانی شاندەکاندا ئاماژەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بووە لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەی ئەمڕۆ کراوە جێگەی سەرسووڕمانە و بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە.

  • لەگەڵ بەغدادی گفتوگۆکان بەردەوام دەبن و بەهیچ جۆرێک شتێکی نادەستووری پەسەندکراو نییە و "ئەگەر لەسەر بنەمای دەستووری بێت دەرگا کراوەیە بۆ ڕێککەوتنی هاوبەش لەسەر کۆی پرسەکان".

  • گفتوگۆکان دەبێت لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.

  • ئێمە ئەرک و مافی دەستوورییمان هەیە و داوای مافەکانی خۆمان دەکەین و دەبێت هەموویان وەکو پێویست جێبەجێبکرێت، ئەوەی ئەرکیشە لەسەر هەرێمی کوردستان ئەوا جێبەجێی دەکەین، هیچ شتێک بەدەر لەدەستوور قبوڵکراو نییە".

لە پەیامیشیدا بۆ لایەنە سیاسییەکان مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارن هەموو لایەنە سیاسییەکان هەستبکەن بەوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونە گەورەترە لە هەموو دەستکەوتێکی کەسی و حیزبی و دەبیت هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی بکات، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و هەمووان ببنە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگایان دانەخستووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد و پێیاوانوایە هەموو پرسێک بە گفتوگۆ چارەسەردەبێت بەڵام دەبێت بنەماکەی دەستوور بێت و نەک لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی و بە پێشێلکردنی بنەما دەستوورییەکان هیچ ناکرێت و داواشیان لەبەغداد و هەموو لایەنە ئەوەیە، کۆک بن لەسەر بنەمای دەستوور قسەی پێویست بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بگەنە ڕێککەوتن بکرێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

تەواوی بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەبارەی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە

Loading related news...