
لە پێداچوونەوەیەکی زانستیدا بۆ نزیکەی 17 توێژینەوە، دەرکەوتووە کە پەیوەندییەک لە نێوان خواردنەوەی کحول/خواردنەوە شەکردارەکان و رووتانەوەی قژ هەیە، بە پێچەوانەشەوە وەرگرتنی ڤیتامین دی و ئاسن گەشەی قژیان باشتر کردووە.
لە پێداچوونەوەکەدا، توێژەران لە 17 توێژینەوەیان کۆڵییەوە و توێژینەوەکان لە سەرانسەری جیهاندا کرابوون، بەشداربووانی توێژینەوەکانیش ژمارەیان نزیکەی 61332 کەس بوو کە تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ 77 ساڵدا بوو، لەم توێژینەوانەدا، لە رووتانەوەی قژ و هۆکارەکانیان کۆڵرابوونەوە.
نزیکەی %97ـی بەشداربووانیش خانمان بوون.
لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیی نێوان کحول/خواردنەوە شیرینەکان لەگەڵ رووتانەوەی قژدا زۆر روون نییە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن خواردنەوەی کحول یان خواردنەوە شەکردارەکان رۆڵیان هەیە لە رووتانەوەی قژدا، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەم خواردنەوانە وادەکەن جەستە ئەو بەها خۆراکییانە هەڵنەمژێت کە پێویستی پێیەتی بۆ گەشەی قژ.
