ئاژانسی پەنابەران: بەهۆی دۆخی سووریاوە داواکاریی پەنابەری لە ئەوروپا کەمیکردووە

کەناڵ808/09/2025
ژماریەک کۆچبەر دەیانەوێت بە بەلەمی بچووک و بە رێگای دەریاکاندا کۆچ بۆ ئەوروپا بکەن
ژماریەک کۆچبەر دەیانەوێت بە بەلەمی بچووک و بە رێگای دەریاکاندا کۆچ بۆ ئەوروپا بکەن

لەم ساڵانەی دوایدا شەڕەکانی، لیبیا، سووریا، داعش و ئۆکرانیا و دۆخی ناسەقامگیری عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و پاکستان، ببونە هۆی دروستبوونی لێشاوی کۆچ بەرەو ئەوروپا. ئەو کۆچە بە لێشاوە، بۆ ئەوروپا ببووە قەیرانێک و لە هەوڵی چارەسەکردنیدا بوون و یەکێک لە رێگا چارەکانیشیان بەوە دەزانی، کە شەڕ و قەیران لەو وڵاتانەدا کەم بکرێنەوە. لەبەر ئەوەش دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، کۆچی پێچەوانە بۆ سووریا دەستیپێکردووەتەوە و بەپێی راپۆرتی ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی دۆخی سووریاوە کۆچ بۆ ئەوروپا کەمیکردووە.

ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، داواکاریی پەنابەری لە وڵاتانى یەکێتییەکە بەڕێژەی 23% کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو سووریانەی کە داوای پاراستنیان دەکەن.

داتاکانی ئاژانسەکە دەریانخستووە، سوورییەکان نزیکەی 25 هەزار داواکارییان لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە، پێشکەش کردووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی 66% کەمیکردووە.

ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، کەمبوونەوەی داواکارییەکانى مافى پەنابەرێتى، پەیوەندیی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە نەمانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد و کەمبوونەوەى داواکاریی سوورییەکانەوە هەیە.

سوورییەکان پێشتر زۆرینەی داواکارانی پەنابەرییان پێکدەهێنا، ئێستا لە دوای ڤەنزوێلاییەکان و ئەفغانییەکانەوە سێیەمین گرووپی گەورەن لە وڵاتانى ئەوروپا.

وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا 399 هەزار داواکاریی پەنابەرییان وەرگرتووە، بەجۆرێک، 49 هەزار ڤەنزوێلایی داواى مافى پەنابەرییان کردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا پلانەکانی بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی پەناخوازان و دیپۆرتکردنەوەیان ئاشکرا کردووە، کە بەشێک لە کوردانى ئەو کیشوەرەش دەگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەى زیاتر لە 100 کوردى دانیشتووى بەریتانیا ئامادەکراون بۆ دیپۆرتکردنەوە.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەيەکگرتووەکانیش لە دوایین راپۆرتیدا بڵاویکردبووە، لەدوای نەمانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، يەک مليۆن و 870 هەزار پەنابەر و ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆيان.

کەناڵ8

Mon Sep 08 2025

Loading related news...