نهێنییە گەورەکەی جارید کوشنەر و بن زاید و بن سەلمان؛ 2 ملیار دۆلار لە هەژمارێکى نهێنیدا

پرژە عەتا2 کاتژمێر پێش ئێستا
ترەمپ و کوشنەر
ترەمپ و کوشنەر

پووختەى هەواڵەکە:

  • هەواڵگریی هۆڵەندا مۆبایلەکەی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپى هاک کردووە.

  • بۆیان دەرکەوتووە مامەڵە لەگەڵ هەژمارێکى بانکیی نهێنی دەکات لە دوبەی.

  • سەدان ملیۆن دۆلاری لە ئازەربایجانەوە تێکراوە بۆ ونکردنی سەرچاوەکەی.


لە کتێبی نوێی "شازادە و دزەکان" کە لەلایەن ماثیو کۆڵەوە نووسراوە، زانیارییەکی هەواڵگریی هەژێنەر ئاشکرا بووە سەبارەت بە پەیوەندییە داراییە نهێنییەکانی نێوان جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ڕاوێژکاری پێشووی، لەگەڵ هەریەک لە محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان.


هاککردنی مۆبایلەکەی کوشنەر و ئاشکرابوونی نهێنییەکان:

  • سەرەتای ئاشکرابوونی ئەم دۆسییەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، کاتێک دەزگای هەواڵگریی سەربازیی هۆڵەندا توانی مۆبایلەکەی کوشنەر (جۆری ئایفۆن ئێکس) هاک بکات و وێنەی شاشەکەی بگرێت.

  • لەم ڕێگەیەوە بۆیان دەرکەوت کە کوشنەر هەژمارێکى بانکی لە دوبەی کردووەتەوە کە سەدان ملیۆن دۆلاری تێدایە.

  • پارەکە لە ڕێگەی بانکێکەوە لە ئازەربایجانەوە نێردراوە بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی ون بکرێت.

زانیارییەکانی ناو کتێبەکە:

  • محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان لە سەرەتای دەسەڵاتی ترەمپدا پێشنیازی دروستکردنی سندوقێکی نهێنییان بە بڕی 10 ملیار دۆلار کردووە.

  • بۆ یارمەتیدانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەرەوە، لەوانە دروستکردنی دیوارەکەی مەکسیک.

  • دواتر زیاتر لە 2 ملیار دۆلار خراوەتە دوو هەژمارى بانکییەوە کە کوشنەر سوودمەند یان سەرپەرشتیاریان بووە.

  • یەکێک لە هەژمارەکان ناوی "ئەلفا" بووە لە بانکی ئەبوزەبیی یەکەم (FAB)، کە بەناوی دەزگایەکی خێرخوازیی ئیماراتییەوە کراوەتەوە بۆ داپۆشینی ئامانجە ڕاستەقینەکەی.

  • لەم هەژمارەدا، سعودیە و ئیمارات نزیکەی 750 ملیۆن دۆلاریان داناوە.

  • هەرچەندە هەژمارە بانکییەکە بەناوی کوشنەرەوە نەبووە، بەڵام مافی واژۆکردن و بەکارهێنانی پێدراوە.

  • ئامانج لەم پارەیەش، کاریگەریدانان بووە لەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی بەتایبەت بۆ ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران.

  • هەروەها نزیکەی یەک ملیار دۆلاری دیکە لەلایەن ئیماراتەوە و لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە براوەتە ئیسرائیل بۆ هەژمارێک بەناوى "بێتا".

  • بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئامۆژگاریی کوشنەری کردووە پارەکە بخاتە بانکی ناوەندیی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی وەک پارەیەکی حکومی دەربکەوێت و جێدەستی ون ببێت،

  • بۆ بەکارهێنانی پارەکەش پێویست بووە ڕەزامەندیی دوو لایەنە هەبێت.

یاساکانى ئەمریکا

بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، هەر بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە دەستی بگات بە زانیارییە نهێنییەکان، دەبێت هەموو هەژمارە بانکی و سەرچاوە داراییەکانی ئاشکرا بکات.

شاردنەوەی هەژمارەکانی "ئەلفا" و "بێتا" و بەکارهێنانی ئەو بڕە پارە زەبەلاحە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە بۆ کڕینی هەژموون، دەکرێت جارید کوشنەر ڕووبەڕووی تۆمەتی "بەرتیل وەرگرتن" و "کارکردن وەک بریکاری بیانی بێ مۆڵەت" بکاتەوە.

پارێزەرەکەی کوشنەریش تەواوی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بریکارەکەی هیچ یاسایەکی پێشێل نەکردووە.

پرژە عەتا

Sat Oct 24 2026

Loading related news...