ئومێد خۆشناو: لیژنەیەکیان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێناوە.
لە شەقامى 60 مەترى هەولێر 47 ملم بارانباریوە.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی حکومەت پێشتر ئامادەکاریی تەواویان کردبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو.
لە ماوەی کاتژمێرێکدا توانیویانە تەرمی هەردوو قوربانییەکە بدۆزنەوە کە لە لافاوەکەدا خنکان.
بە هەوڵی هاوبەشی هاونیشتمانییان و بەرگریی شارستانی و پۆلیس و ئاسایش هەڵمەتەکان ئەنجامدراوە.
نزیکەی 300 هاونیشتمانی لە مەترسیی لافاو ڕزگار کراون.
لە شەقامی 60 مەتری و نزیک باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا، 47 ملیمەتر باران باریوە.
لە ناوچەکانی دیکەش زیاتر لەو بڕە باریوە.
بەهۆی ئەو بارانە بە خوڕەوە، پۆندی کەسنەزان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سەر ڕێژی کردووە.
ئاستی ئاو مەتر و نیوێک بەرزبووەتەوە.
سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵ بووە.
لەسەر فەرمانی ئەو ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی شارەوانیی هەولێر کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوتووە کە لە کۆی شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی لەناو سەنتەری شاردا، سێ بەڕێوەبەرایەتی زیانیان بەرکەوتووە و سیانیان سەلامەتن.
بە هاوبەشی لەگەڵ لیوایەکی هێزەکانی زێرەڤانی دەست بە پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاو کراوە.
بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا کارەکان بە تەواوی کۆتاییان بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو، باسی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، کە ئەرکیان ئامادەکردنی فۆڕمێکی تایبەتە بۆ تۆمارکردن و خەمڵاندنی سەرجەم زیانەکانی ماڵ، دووکان و شوێنە زیانلێکەوتووەکان.
کارزان هادی: کۆڕنیشی هەولێر هۆکاری لافاوەکە نەبووە
هاونیشتمانییەک: داوای هاوکاریم لە شارەوانى کرد گوتیان سێ ڕۆژی دیکە