ئامەدسپۆر؛ گۆڕەپانی تۆپی پێی تورکیای تووشی سەرسوڕمان کردووە

پووختەى ڕاپۆرت

  • ئامەدسپۆر دوایین شەش یاریی لە یاریگای خۆی بردووەتەوە.

  • ئامەدسپۆر لە خولی سوپەرلیگ زۆرترین گۆڵی تۆمار کردووە و لەسەر ئاستى ئەورووپاش شەشەمە.

  • لە ئاستی 10 یانەی ئەورووپا ئامەدسپۆر خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە.

  • یاریزانێکی گاڵاتاسارای دوو هێندەی یاریزانانی ئامەدسپۆر گرانترە.


ئامەدسپۆر؛ ئەو یانە کوردییەی، گۆڕەپانی تۆپی پێی تورکیای تووشی سەرسوڕمان کردووە و یەک لە دوای یەک، یانە گەورەکانی تورکیا تێکدەشکێنێت، پاش 10 هەفتە بەگوێرەی زۆربەی پێوەرەکان، دەستی بەسەر خولەکەدا گرتووە.


ئامەدسپۆر چى کردووە؟

  • ئامەدسپۆر لە دوایین شەش یاریی لە یاریگای خۆیدا سەرکەوتوو بووە .

  • ئەمساڵ لەگەڵ بەشیکتاشدا، زۆرترین خاڵیان لەنێو یاریگای خۆیاندا کۆکردووەتەوە.

  • لە 10 هەفتەی خولی سوپەرلیگدا، ئامەدسپۆر بەهێزترین هێڵی هێرشبەر و بەرگریی هەیە.

  • 25 گۆڵی کردووە و پێش هەموو یانەکانی دیکە کەوتووە، تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە.

  • ئەوە لەکاتێکدایە گاڵاتاسارای کە بە دوو خاڵ لەپێش ئامەدسپۆرەوەیە، 23 گۆڵی کردووە و 12 گۆڵی لێکراوە.

تەنیا ئەوەندە نییە

گیفت ئۆربان، یاریزانی یانەکە بە هاوبەشیی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمین، یاریزانی گاڵاتاسارای، گۆڵکاری خولی سوپەرلیگە، کە خاوەنی 9 گۆڵن.

گۆڵەکانی ئۆربان، یەکسانە بە تەواوی ئەو گۆڵانەی یاریزانانی کۆنیاسپۆر و ئەیوبسپۆر لە 10 یاریدا کردوویانە.

یانەکە جگە لەوەی هێڵێکی هێرشبەری بەهێزی هەیە، ناوەڕاست و بەرگرییەکەشی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشاوە، لەگەڵ ئەوەی یانەکە یەکەمینجارە لە خولی نایابی تورکیا یاریی دەکات، لەو 10 یانەیەی ئەورووپایە، کە یاریزانانی یانەی بەرامبەر کەمترین جار چوونەتە ناوچەی سزای یانەکەوە.

596 ڕۆژە نەدۆڕاوە

  • ئامەدسپۆر 29 یارییە لەنێو یاریگای خۆیدا نەدۆڕاوە، کە دەکاتە 596 ڕۆژ، ئەوەش وایکردووە هەر یانەیەک ڕوو لە ئامەد دەکات، دوودڵە لەوەی سەرکەتوو دەبێت یاخود نا.

  • یانە کوردییەکە لەلایەن داوەرەکانەوە زۆرترین سزا دراوە و تاوەکو ئێستا 30 کارتی زەرد و سێ کارتی سووری وەرگرتووە.

هاندەران؛ هێزە گەورەکەى ئامەد

هاندەرانى یانەى ئامەد

هاندەران لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئامەدسپۆرن و یانەکە لەو سێ یانەیەی تورکیایە، کە زۆرترین هاندەر ئامادەی یارییەکانی دەبن و تەواوی بلیتەکان لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەفرۆشرێن.

لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای سوپەرلیگەوە، هەموو هیوایەکی ئامەدسپۆر ئەوەبوو لە خولەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام پاش تێپەڕینی 10 هەفتە، ئێستا یانە کوردییەکە چاوی لەوەیە؛ یان ببێتە پاڵەوانی خولەکە، یان لە پلەکانی پێشەوەدا بمێنێتەوە و وەرزی داهاتوو لە خولەکانی ئەورووپا یاریی بکات.

ئێستا یانەکانی دیکەی تورکیا و دەرەوە، سەرنجیان خستووەتە سەر ڕاهێنەر و یاریزانەکانی ئامەدسپۆر و لە ئەگەری دەستبەرداربوون لێیان، داهاتێکی گەورە بۆ یانەکە دەستبەر دەکات.

پارەیەکى کەم بۆ گرێبەستەکان:

  • ئەو ئاستە بەرزەی یانەکە پێشکەشی دەکات، لەگەڵ ئەو پارە سنووردارە یەکناگرێتەوە، کە یانەکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان خەرجی کردووە.

  • تەواوی یاریزانانی یانەکە 28 یاریزانن.

  • کۆى گرێبەستەکانیان تەنیا 31 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە.

  • گرانترین گرێبەستیش گیفت ئۆربانە، کە حەوت ملیۆن یۆرۆیە.

  • پارەی گرێبەستی 32 یاریزانەکەی گاڵاتاسارای 381 ملیۆن یۆرۆیە.

  • تەنیا گرێبەستی ئۆسیمین، هێرشبەری گاڵاتاسارای کە 65 ملیۆن یۆرۆیە، دوو هێندەی پارەی گرێبەستی هەموو یاریزانانی ئامەدسپۆرە.

ناوەکانى ئامەدسپۆر

ئامەدسپۆر ناوە فەرمییەکەی بریتییە لە یانەی وەرزشی چالاکییە وەرزشییەکانی ئامەد و سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ 1972.

سەرەتا ناوی مەلیکئەحمەد تورانسپۆر بوو، 1985 ناوەکەی بوو بە مەلیک ئەحمەدسپۆر و سەرەتای نەوەدەکانیش بوو بە دیاربەکر بەلەدیەسپۆر، ساڵی 2014ـش ناوەکەی بۆ ئامەدسپۆر گۆڕا.

لەو کاتەوە ناوی یانەکە بووەتە سیمبولی وەرزشی کورد لە تورکیا و جیهان و دەیان ملیۆن کورد پشتیوانیی یانەکە دەکەن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ئامەدسپۆر نادۆڕێت؛ ئەیوبسپۆری گۆڵباران کرد

Loading related news...